ئیسپانیا

تێر شتیگن نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت

یاریگا- وا بڕیارە سبەی نەشتەرگەری بۆ مارک ئاندرێ تێر شتیگن بێتە ئەنجامدان، ئەوە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی یانەکە.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، نەشتەرگەرییەکە ڕۆژی سێشەممە، واتا سبەینێ و لە ئەژنۆی ڕاستی گۆڵپرێزەکەیاندا ئەنجام دەدرێت.

بارسا لە ئێستادا بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت بە تایبەت دوای شکستە سەختەکەیان و کرانە دەرەوەیان لەسەر دەستی بایەرن میونخ لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە هەر دوای ئەوە کیکی سیتینی ڕاهێنەر دوورخرایەوە و چاوەڕێ دەکرێت گۆڕانکاریتریش ڕوو بدات. بۆیە وادەی نەشتەرگەرییەکەی شتیگنیش خەمێکیترە بەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە دەگرێت.

ئەگەرچی زانیاریی تەواوەتی نەخراوەتە ڕوو لە بارەی ماوەی دوورکەتنەوەی، ڕۆژنامەیسپۆرتی ئیسپانی بڵاوی کردۆتەوە کە ڕەنگە گۆڵچیە ئەڵمانییەکە سێ تا چوار مانگ نەگەڕێتەوە بۆ یاری کردن.

Back to top button