ئه‌وروپاگرنگترین

تەواوی قسەکانی پێپ گواردیۆلا لە کۆنفراسە ڕۆژنامەوانیەکەی تایبەت بە یاریەکەی ڕیال مەدرید

یاریگا – پێپ گواردیۆلا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد دەربارەی تێپەڕاندنی لۆس بلانکۆس، یاری نەکردنی ڕامۆس و هەڕەشەکانی بنزیما و هازارد.

گەڕی یەکەم و دووەم:  “گەڕی یەکەمی یاریەکە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ئەنجامدرا، هەرچەندە ئەم یاریە بەبێ هاندەرانمانە ، بەڵام هەوڵدەدەین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین”.

خەونی چامپیۆنزلیگ:  “خۆشحاڵ دەبین ئەگەر بتوانین تیمێکی لەم جۆرە ببەزێنین و متمانەیەکی زۆرمان پێدەبەخشێت، دەزانین بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەبێت تەرکیز بکەینە سەر ئەم یاریە، بردنەوە یەکجار گرینگە لەبەرئەوەی خەونی من و تەواوی یانەکەیە، یاریەکەی بەیانی وەک یاری کۆتایی وایە بۆ ئێمە”.

یاریکردن بێ هاندەران:  “پێموابێت تەواوی یاریزانانی تۆپی پێ بیری هاندەران دەکەن، ئەمە ڕاستیەکەیە و ئێمەش دەبێت خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین. هیوادارم بتوانین جارێکی دیکە هاندەران لە یاریگا ببینینەوە”.

دەربارەی ئەو گۆڵانەی لێیان دەکرێت:  “زۆر گۆڵ هەن زیرەکانە لێمان تۆمار دەکرێت، بەڵام گۆڵی واش هەیە کە دەکرێت بە ئاسانی ڕێگری لێبکرێت، پێویستە لەم یاریەشدا خۆمان لە هەڵە بەدوور بگرین. ئەم پاڵەوانیەتیە سزات دەدات بەهۆی هەڵەوە. ئەگەر بمانەوێ سەرکەوین دەبێت لەم بوارەدا باشتر بین”.

لەبارەی تێپەڕاندنی ڕیال مەدرید چونکە خۆی ڕاهێنەری بارسا بووە:  “بابەتەکە ئەوە نییە، بەڵام من هەمیشە هەوادارێکی بارسێلۆنا دەبم. لەوێ بوو من وەک ڕاهێنەرێک گەشەم کرد، ئەوکاتەی لە بایەرنیش بووم یارم دژی بارسێلۆنا و ڕیال مەدرید کردووە و ویستوومە بیانبەزێنم، شتێکی تایبەت نییە. نامەوێ تەرکیز لەسەر ئەم شتانە بێت، بەڵکو دەمەوێ بزانم دەبێت وەک تیمێک چی بکەین بۆ بڕینی ڕیال مەدرید.”.

لەبارەی ئێریک گارسیاوە:  “ئەو ڕایگەیاندووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێمە نوێ بکاتەوە. ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و دوای ئەوە نایەوێ درێژی بکاتەوە. ئێمە دەمانەوێ بەڵام ئەو ویستی لەسەر نییە”.

لەبارەی بنزیماوە:  “ئەو یاریزانێکی نموونەییە. لەوکاتەوەی لە لیۆن یاری دەکرد من ئەو دەناسم و یاریزانێکی مەزنە، بەڵام لەوەی من لە بارسێلۆنام زیاتر لە بیست یاریزانم بینیوە کەوا خەڵکی دەپرسن ئایا ئەو یاریزانە چۆنە بە بەراورد بە مێسی”.

لەبارەی هازاردەوە:  “پێویست بەوە ناکات من بڵێم هازارد یەکێکە لە باشترینەکان و دەتوانێت بە چرکەیەک ئەنجامی یاریەکە بگۆڕێت، بەڵام ئەوە زێدانە کە دەبێت بڕیار بدات کە ئایا ئەو یاریزانە ئامادەیە یاخود نا تاکو یاری بکات”.

لەبارەی یارینەکردنی سێرجیۆ ڕامۆس:  “لەوکاتەوەی یاری یەکەممان ئەنجامدا، دەمانزانی ڕامۆس بەشدار نابێت. بێگومان ئەو یاریزانێکی گرینگی پێکهاتەکەیە، بەڵام وەک گوتم تەرکیزی ئێمە لەسەر تەواوی تیمەکەیە نەک یاریزانێک یان دوووان”.

لەبارەی پلانەکانی زێدان:  “قوڕسە بتوانی پێش لە پلانە تەکیکیەکانی زێدان بگریت لە کاتێکدا ئەو دەتوانێ بەشێوەیەکی دیکە یاریت بەرامبەر بکات. شیکاری بۆ تاکتیکەکانی ئەو یەکجار قوڕسە. بەڵام ئێمە سەیری سەرجەم یاریەکانی ڕیال مەدریدمان کردووە لە لالیگا و هەندێ پلانمان هەیە بۆ ئەوەی کێشەی گەورەیان بۆ بنێینەوە لە یاریگا”.

شایانی باسە، مانچستەر ستی یاری یەکەمیان بە ئەنجامی 2-1 لە ڕیال مەدرید بردبوویەوە و یاریەکەی ئەمڕۆیان لەنێو یاریگای خۆیان دەبێت بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.

 

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button