گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

هیوادارم هێندە گەمژە نەبم؛ رۆمێرۆ بە توندی وەڵامی رەخنەکانی گاری نێڤڵ دەداتەوە

"راهاتووین کە خەڵک هەمیشە دەربارەمان قسە بکەن"

Yariga App

یاریگا –

کریستیان رۆمێرۆی یاریزانی ئەرجەنتین رایگەیاند کە ئەو هیوادارە کاتێک واز لە یاریکردن دەهێنێت وەکوو گاری نێڤڵ “گەمژە” نەبێت، پاش ئەوەی بەرگریکاری پێشووی ئینگلتەرا و مانچێستەر یونایتد پێش یاریی پێشکۆتایی مۆندیال لە رۆژی چوارشەممەدا رەخنەی لەو گرتبوو.

لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ سەرکەوتنی 2-1ـی ئەرجەنتین بەرامبەر ئینگلتەرا، نێڤڵ گوتبووی کە رۆمێرۆ و لیساندرۆ مارتینێزی ئەرجەنتینی “باشترین و خراپترین هاوبەشیی دڵی بەرگرین لە جیهاندا”.

ئەم دووانەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵە بە بەردەوامی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێکەوە یاری دەکەن، لەوانەش بەشداریکردنیان وەکوو سەرەکی لە سەرکەوتنی یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 بەرامبەر کۆڵۆمبیا و لەم هاوینەدا جگە لە یەک یاریی مۆندیال، لە سەرجەم یارییەکانی دیکەی تیمەکەیاندا وەکوو سەرەکی یارییان کردووە کە ئەو یارییەش دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان بوو بەرامبەر ئوردن کاتێک ئەرجەنتین پێشوەختە سەرکەوتنی مسۆگەر کردبوو.

رۆمێرۆ لە وەڵامی پرسیارێکی دی سپۆرتس دەربارەی لێدوانەکەی نێڤڵ پاش سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر ئینگلتەرا گوتی:

تەنیا شتێک کە هیوای بۆ دەخوازم ئەوەیە کاتێک واز دەهێنم، هێندە گەمژە نەبم. هیوادارم رەخنە لە هیچ یاریزانێک یان کەسێکی دیکە نەگرم، چونکە لە کۆتاییدا، ئێمە باشترین هەوڵی خۆمان بۆ تیمی نیشتمانیمان دەدەین. هەندێک جار شتەکان بۆ ئێمە بە دروستی دەڕۆن و هەندێک جار بە خراپی، بەڵام ئێمە تەنیا دڵخۆشین کە جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی مۆندیالداین. پێم وایە ئێمە مێژوو دروست دەکەین، بۆ ئێمە ئەمە بە راستی شتێکی گەورەیە و ئێمە زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە هەست بە گرنگیی ئەم درێسە دەکەین.

هاوکات لیساندرۆ مارتینێز گوتی:

ئێمە راهاتووین کە خەڵک هەمیشە دەربارەمان قسە بکەن. وا دیارە حەز دەکەن ئەوە بکەن و ئێمەش لەنێو یاریگا وەڵام دەدەینەوە، تەنیا ئەوە، هەمیشە بە رێزەوە.

کریستیان رۆمێرۆ & لیساندرۆ مارتینێز

رۆمێرۆی یاریزانی تۆتنهام و مارتینێزی یاریزانی مانچێستەر یونایتد، بۆ ماوەی 5 ساڵ و 4 ساڵ بەدوای یەکدا لە پرێمەرلیگدا یاری دەکەن، کە نێڤڵ وەکوو شرۆڤەکار و پێشکەشکار لە سکای سپۆرتسدا رووماڵی دەکات.

نێڤڵ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە بەرنامەی The Overlap دەربارەی ئەم دووانەیە گوتبووی:

وا دیارە ئەوان لە هەموو یارییەکدا لەنێوان خۆیاندا گۆڵێک بە دەستەوە دەدە، بەڵام کاتێک سەیریان دەکەیت بۆ ئەرجەنتین، ئەوان گۆڵ دەکەن، بە سەر تۆپەکە لادەدەن، ئەوان بەمانای وشە لە هەموو شوێنێکن، باوەڕپێنەکراوە. من پێیان دەڵێم باشترین و خراپترین هاوبەشیی دڵی بەرگری لە جیهاندا. چونکە ئەوان لە هەندێک کاتدا بە تەواوی دەتوانن باوەڕپێنەکراو بن، بەڵام لە ساتی دواتردا، لە لووتکەی جوانییەوە دەبنە جێگەی پێکەنین.

هاوبەشیی نێوان رۆمێرۆ و مارتینێز لە شەش یاریی مۆندیالدا دوو یاریی بە خاوێنی تۆڕەکەیان پاراستووە (بەرامبەر جەزائیر و نەمسا)، لە کاتێکدا شەش گۆڵیان لێکراوە (بەرامبەر کەیپ ڤێرد، میسڕ، سویسرا و ئینگلتەرا).

سەرکەوتنەکەی ئەرجەنتین لە ئەتڵانتا وای لێکردن بگەنە یاریی کۆتایی، کە تێیدا رۆژی یەکشەممە لە یاریگای مێتلایف رووبەڕووی ئیسپانیا دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button