
یاریگا –
فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی ئەڵمانی و گرانبەهاترینی یانەی لیڤەرپوول، پەردە لەسەر ناخۆشییەکانی یەکەم وەرزی ل پرێمەرلیگ لادەدات و باسی لە کێشەکانی لەژێر سەرپەرشتی ئارنە سڵۆت، پەیوەندی لەگەڵ محەمەد سەڵاح و ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیالی 2026 دەکات.
ڤێرتز لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ تۆڕی ئاتلێتیک کردووە و چەندین تەوەری گەرم و گرنگ باس دەکات.
In an exclusive interview with The Athletic, Liverpool’s Florian Wirtz opens up on:
🔺 How he handled criticism after his £100m transfer
🔺 Hitting the gym to cope with the physicality of the Premier League
🔺 Why he ‘liked’ Mohamed Salah’s latest controversial social media… pic.twitter.com/IUTlLXQaEj— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) May 23, 2026
ڤێرتز هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی خەیاڵی کە بە پاشکۆکانەوە دەگاتە 116 ملیۆن پاوەند، لە بایەر لیڤەرکوزنەوە رووی لە قەڵاکەی ئانفێڵد کرد، سەرەڕای ئەوەی مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن هەوڵی زۆریان بۆ دا، هەرچەندە وەرزەکە بۆ لیڤەرپوول بێ نازناو و پڕ لە کێشە بوو، بەڵام ڤێرتز دەڵێت؛
هیچ پەشیمان نیم لێرەم، هێشتا دڵخۆشم و بۆ وەرزی داهاتوو ئامانجی گەورەم هەیە، چونکە ئەم وەرزە بەو شێوازە نەبوو کە پلانمان بۆ دانابوو.
راستییەکانی پشت لایککردنی پۆستەکەی سەڵاح
هەفتەی رابردوو محەمەد سەڵاح پێش رۆیشتنی لە یانەکە، پۆستێکی رەخنەئامێزی بڵاوکردەوە و داوای گەڕانەوەی شێوازی هێرشبەری خێرای سەردەمی کلۆپی کرد، کە زۆر کەس وەکوو هێرش بۆ سەر ئارنە سڵۆت لێکدرایەوە. ڤێرتز و چەند یاریزانێکی دیکە پۆستەکەیان لایک کرد، ئەمەش دەنگۆی یاخیبوونی دروستکرد.
ڤێرتز لەم بارەیەوە روونکردنەوەی دا؛
نەخێر، هیچ کێشەیەک لە نێوان ئێمە و راهێنەردا نییە. سەڵاح ئەقڵیەتێکی ناوازەی هەیە، ئەو کەسێکی راستگۆیە و تەنیا ویستی هاوڕێکانمان بەئاگا بهێنێتەوە کە دەبێت زیاتر کار بکەین. بابەتەکە لە دەرەوە زۆر گەورە کرایەوە، ئەو هێرشی نەکردە سەر راهێنەر، لە ژووری خۆگۆڕین بە تەواوی پاڵپشتی سڵۆت و ستافەکەی دەکەین.
رەخنەکان و گۆڕانی جەستەی لە پرێمەرلیگ
سەبارەت بەوەی لە 48 یارییدا تەنیا 7 گۆڵ و 8 ئەسیستی هەبووە، ڤێرتز ئاماژەی بەوە کرد کە ئامارە راستەقینەکان باشترن [57 چانسی گۆڵی دروستکردووە]، بەڵام فشارەکان بەهۆی نرخی گرێبەستەکەیەوە زۆر بوون؛
من هەرگیز پێشتر رەخنەی وام نەدیبوو، بەڵام هێزم لێ وەرگرت. خولی ئینگلیزی زۆر جەستەییە؛ لە ئەڵمانیا من زیاتر لە بۆشاییەکاندا بێ بەرکەوتن یارییەم دەکرد، بەڵام لێرە دەبێت بەردەوام لە رووی جەستەییەوە بەهێز بیت، بۆیە کاتێکی زۆرم لە هۆڵی لەشجوانی بەسەربرد بۆ ئەوەی ماسولکەکانم بەهێز بکەم.

کارەساتی کۆچی دوایی دیێگۆ جۆتا و پێکانەکان
ڤێرتز باسی لەوەش کرد کە یەکەم رۆژەکانی لە یانەکە هاوکات بوو لەگەڵ کۆچی دوایی کتوپڕی جۆتا پێش دەستپێکردنی وەرز، کە کاریگەرییەکی دەروونی قورسی لەسەر تەواوی تیپەکە جێهێشت، هەروەها پێکانە درێژخایەنەکانی ئالێکساندەر ئیساک و هۆگۆ ئێکیتیکێ وەکوو هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی هاوسەنگی تیپەکە لەم وەرزەدا ناوبرد.
چاوەڕوانی بۆ مۆندیالی 2026
لە کۆتاییدا، ئەستێرە تەمەن 23 ساڵانەکەی مانشافت رایگەیاند کە پەرۆشە بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر برێنتفۆرد بۆ مسۆگەرکردنی چامپیۆنزلیگ و دواتر راستەوخۆ دەچێتە کەمپی ئەڵمانیا بۆ مۆندیال؛
مۆندیالی پێشووم بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا، بەڵام ئەمجارە دەمەوێت سەرکردایەتی ئەڵمانیا بکەم و بەرپرسیارێتی گەورە هەڵبگرم، ئێمە پاڵێوراوی سەرەکی نین، بەڵام تیپێکی بەهێزمان هەیە.



