مۆرینیۆ شتەکان لە بارسێلۆنا ئاڵۆز دەکات؛ بیر لە گواستنەوەی یاریزانێکی یانەکە دەکاتەوە
جۆزێ پشێویی لەنێو بارسا دروست دەکات

یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ لە ئێستاوە پێدەچێت چەندین ئامانجی گواستنەوەی لە مێشکدا بێت بۆ ریال مەدرید.
ئێستا هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە مۆرینیۆ دەبێتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید و مەگەر هەڵبژاردنەکان دۆخەکە بگۆڕن، ئەگەرنا دەکرێت راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بە فەرمی دوای کۆتا یاریی خول لەم وەرزە، کە رۆژی شەممە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباوە، رابگەیەنرێت.
لەم رۆژانەی دواییدا، ناوی چەندین یاریزانان کە بە مۆرینیۆوە بەستراونەتەوە دەرکەوتوون و ئێستا راپۆرتەکانی ئینگلتەرا تەنانەت ناوی یاریزانێکی بارسێلۆنا دەهێنن.
مۆرینیۆ ئێستا بابەتی سەرەکییە لە دەوری ریال مەدرید، لە کاتێکدا یانەکە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وەرزەکە دەکات لە رۆژی شەممە لە بێرنابیۆ. دوای ئەوە، ئەگەر هیچ هەڵبژاردنێک نەبێت، پڕۆژەی وەرزی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەست پێدەکات، کە دانی بەوەداناوە پێشتر پەیوەندی لەنێوان خۆرخێ مێندێش و یانەکەدا هەبووە، دوای یارییەکەی بێنفیکا بەرامبەر ئێستۆریل.
مۆرینیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە تێیدا بە کردەوە نیازەکانی خۆی بۆ رۆژانی داهاتوو ئاشکرا کرد، گوتی:
راستە کە من لەگەڵ فلۆرێنتینۆی سەرۆک قسەم نەکردووە. راستە کە من لەگەڵ هیچ کەسێک لە پێکهاتەی یانەکە قسەم نەکردووە. هەموو ئەمانە راستن، بەڵام کەسمان گەمژە نین؛ بە روونی پەیوەندی لە نێوان یانەکە و خۆرخێ هەیە، پێشم وایە ئەو پەیوەندییانە لە هەفتەی داهاتوودا دەبنە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ مندا.

مۆرینیۆ و گرێبەستەکانی بۆ ریال مەدرید
لەو کاتەوەی دەنگۆکانی مۆرینیۆ دەستیان پێکردووە، ناوی چەندین یاریزانانی دیکەش وەکوو ئەگەری چوونیان بۆ ریال مەدرید لەگەڵ ئەودا دەرکەوتوون. بازاڕی گواستنەوە دەزانێت مەدرید لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاستدا پێویستی بە بەهێزکردن هەیە، دوای دوو وەرز بەبێ نازناوی گەورە و بەهۆی ئەوەشەوە، دەنگۆکانی گواستنەوە لە رۆژانی دواییدا تەقیونەتەوە.
دوایین ناوی سەرسوڕهێنەر یاریزانی بارسێلۆنا، مارکۆس راشفۆردە.
هێرشبەرە ئینگلیزییەکە ئەم وەرزەی بە خواستن لە بارسێلۆنا بەسەر برد و پێشتر لە مانچستەر یونایتد لەگەڵ مۆرینیۆدا کاری کردووە. بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە، ئێستا رۆژنامەی The Independent، بانگەشەی ئەوە دەکات کە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەکرێت هەوڵ بدات بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو هێرشبەرەدا هەمووان تووشی شۆک بکات، سەرەڕای ئەوەی راشفۆرد بە روونی رایگەیاندووە کە دەیەوێت لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسەی کە راشفۆرد بە ریال مەدریدی مۆرینیۆوە دەبەستێتەوە میگێل دیلانییە. رۆژنامەنووسەکەی The Independent نوسیوویەتی:
ئەگەر گۆڕانکارییەکی گەورە هەبێت، سەرچاوە نزیکەکان لە دۆخەکە دەڵێن مۆرینیۆ دەکرێت هەمووان بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ مارکوس راشفۆرد سەرسام بکات. رۆژی پێنجشەممە، رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە کە بارسێلۆنا هێشتا لەگەڵ مانچستەر یونایتد لە گفتوگۆدایە سەبارەت بەو هێرشبەرە. مۆرینیۆ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ راشفۆرد هەیە و بەگوێرەی ئەم سەرچاوانە، راهێنەرەکە حەز دەکات گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات: یەکەم چونکە یاریزانەکە باش دەناسێت، دووەمیش چونکە ئەوە پشێوی دروست دەکات و شتەکان لە بارسێلۆنا ئاڵۆز دەکات.
لەم نێوەندەدا، راستییەکە ئەوەیە کە راشفۆرد، بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد هێشتا هەوڵ دەدەن رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی خواستنی یاریزانەکە، دوای وەرزێکی بەهێز لە کامپ نۆو، کە تێیدا 14 گۆڵی کرد و 14 ئەسیستیشی لە 48 یارییدا هەبوو.
راشفۆرد بەم دواییانە گوتی: “بەڕاستی لێرە چێژ وەردەگرم و بۆ هەر ئاشقێکی تۆپی پێ، بارسێلۆنا یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی مێژوو. ئەمە شانازییە”. کاتێکیش پرسیاری سەبارەت بە داهاتووی لە یانەکە لێکرا گوتی:
نازانم، جادووگەر نیم، بەڵام ئەگەر جادووگەر بوومایە، دەمامەوە. بزانین چی روودەدات. من بۆ بردنەوە هاتمە ئێرە. دەمەوێت هەر شتێک بکرێت بەدەستی بهێنم. ئەمە نازناوێکی دیکەیە بۆ بۆ لیستەکە. تیمێکی ناوازەیە و لە داهاتوودا زۆر شت دەبەنەوە. بوون بە بەشێک لەوە شتێکی تایبەت دەبێت.



