پرسی رۆژ؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز دەتوانێت پێش هەڵبژاردنەکان گرێبەستی نوێ واژۆ بکات؟
توانای نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی هەیە؟

یاریگا –
دوای ساڵانێک لە حوکمرانیی رەها و بێڕکابەریی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئێستا دەنگۆی هاتنە پێشەوەی رکابەرێکی سەرسەخت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ریال مەدرید هەیە.
لە 14ـی ئایاردا، دەستەی هەڵبژاردنی ریال مەدرید رێککەوتن لەسەر بەنگەواز بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەکە و دەستەی بەڕێوەبردن. بەربژێرەکان 10 رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ پێشکەشکردنی گەرەنتی و بەڵگەنامەکانیان، و دواتر یانەکە دوو رۆژی دیکەی لەبەردەستدایە بۆ پێداچوونەوە و پەسندکردنی بەربژێربوونەکان.
دوای ئەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردن پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەست پێدەکات. بەڵام، ئەگەر هیچ بەربژێرێکی دیکە دەرنەکەوێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز بە شێوەیەکی خۆکارانە وەکوو سەرۆک بۆ جارێکی دیکە دەستنیشان دەکرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارە گەورەکە لە نێوان هاندەرانی مەدرید ئەوەیە ئایا یانەکە دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردنی ئاسایی خۆی لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا، بە تایبەتی سەبارەت بە گواستنەوەکان و نوێکردنەوەی گرێبەستەکان یاخود نا.
بە واتایەکی دیکە: ئایا فلۆرێنتینۆ هێشتا دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ واژۆ بکات یان گرێبەستی یاریزانانی وەکوو ڤینیسیۆس جونیۆر و ئانتۆنیۆ رۆدیگەر نوێ بکاتەوە یان نا؟
پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دەکرێت نزیکەی مانگێک بخایەنێت، بەڵام کاریگەری لەسەر کارکردنی ئاسایی یانەکە نابێت. ماددەی 39 لە پەیڕەوی نێوخۆی یانەکەدا دەڵێت:
سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبردنی پێشوو بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکەکانیان تاوەکوو ئەو کاتەی سەرۆک و دەستەی نوێی هەڵبژێردراو بە فەرمی پۆستەکانیان وەردەگرن.
بەهۆی ئەمەشەوە، لە رووی یاساییەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز و دەستەکەی دەتوانن بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی هەر بڕیارێک کە بە گونجاوی دەزانن لە ماوەی هەڵبژاردنەکەدا.

تەنیا کێشەیەک ئەگەری روودانی هەبێت لەو دۆخەدا، کە پێناچێت رووبدات، ئەوە دەبێت کە بەربژێرێکی دیکە دژی فلۆرێنتینۆ خۆی بەربژێر بکات و لە هەڵبژاردنەکەدا بیباتەوە. لەو حاڵەتەدا، سەرۆک و دەستەی نوێ دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرەی کە لە ماوەی پرۆسەکەدا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ کراوە.



