
یاریگا –
ئەم وەرزەی لالیگا بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا تەنیا وەرزی بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە نەبوو، بەڵکوو بووە نووسینەوەی لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیادا کە پێشتر هیچ یانەیەک نەیکردبوو.
هانزی فلیک، ئەندازیارە ئەڵمانییەکە، نەک تەنیا نازناوی خولەکەی بە بردنەوە لە ریال مەدرید یەکلاییکردەوە، بەڵکوو گەورەترین مۆتەکەی بۆ میوانەکانی گۆی زەوی دروستکرد؛ کۆکردنەوەی تەواوی خاڵەکانی نێو یاریگای خۆی!
بلاوگرانا بە بردنەوەی دوێنێ شەوی بەرامبەر ریال بێتیس بە ئەنجامی 3-1، بە فەرمی وەرزەکەی بە تۆمارێکی بێوێنە و مێژوویی کۆتایی پێهێنا؛ 19 سەرکەوتن لە کۆی 19یاریی لە نێو یاریگای خۆی، بەمەش بارسا بووە یەکەم یانە لە مێژووی مۆدێرنی لالیگا کە بگاتە ئەم ژمارە خەیاڵییە.
ئەفسانەیەک لە سێ یاریگای جیاوازدا!
ئەوەی ئەم دەستکەوتە دەکاتە پەرجوویەکی راستەقینە، ئەوەیە کە بارسێلۆنا لەم وەرزە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی کامپ نۆو، لە سێ یاریگای جیاوازدا میوانداریی رکابەرەکانی کرد، بەڵام لە هەموویاندا تامی تەنیا یەک یەکسانبوون یان شکستی نەچشت.
یاریگای جۆهان کرۆیڤ؛ 2 سەرکەوتن 6-0 لە ڤالێنسیا و 3-0 لە خێتافی).
یاریگای ئۆڵۆمپی مۆنتجویک؛ 4 سەرکەوتن (گۆڕینی هاوسەنگی بەرامبەر جیرۆنا، ریال سۆسیداد و ئێلچێ).
سپۆتیفای کامپ نۆو؛ 13 سەرکەوتن بەسەر یانەکانی وەکوو ئاتلێتیکۆ مەدرید، سێڤییا، ڤیاڕیاڵ، ریال مەدرید و دواجار بێتیس.
پێشتر بارسێلۆنا لە وەرزەکانی (1958 -1959 ) و (1959 -1960) لەژێر دەستی هێلینیۆ هێرێرا هەموو یارییەکانی نێو یاریگای خۆی بردبووەوە، بەڵام لەو سەردەمەدا خولەکە تەنیا لە 16 تیپ پێکهاتبوو واتە 15 یاری لەنێو یاریگای خۆدا. ریکۆردی پێشوو بۆ خولی 20 تیپی مۆدێرن، تەنیا لای ریال مەدریدی وەرزی (1985 -1986) بوو کە 17 یارییان بردبووەوە.



