چابی ئاڵۆنسۆ پەیوەندیکردنی بە چێڵسی پشتڕاستدەکاتەوە

یاریگا –
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ئیسپانی هەواڵی پەیوەندیکردنی بە چێڵسی پشتڕاستدەکاتەوە.
شەوی رابردوو تۆڕی ئاتلێتیک و رۆژنامەی مارکا و تەواوی میدیا باوەڕپێکراوەکان ئاشکرایانکرد کە چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید لەگەڵ چێڵسی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و پێش مۆندیال گرێبەستێک بۆ ماوەی چوار وەرز لەگەڵ یانە لەندەنییەکە واژۆ دەکات و بەمزووانە بلوز بەفەرمی گواستنەوەی ئاڵۆنسۆ رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ چابی ئاڵۆنسۆ لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئەو هەواڵەی مارکای لای خۆی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات ئاڵۆنسۆ لەگەڵ چێڵسی رێککەوتووە و راهێنەرە ئیسپانییەکە بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیکردنی بە چێڵسی پشڕاستدەکاتەوە.
Xabi Alonso, a punto de convertirse en entrenador del Chelsea https://t.co/ZSDO82sd9S
— Xabi Alonso (@XabiAlonso) May 17, 2026
ئاڵۆنسۆ لە هاوینی رابردوو پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی لەئەستۆگرت، بەڵام کۆنترۆڵی ژووری خۆگۆڕینی لەدەستدا و لە سەرەتای ئەمساڵ لە پۆستی راهێنەرایەتی مێرێنگی دوورخرایەوە و ئالڤارۆ ئاربێلوا لەشوێنی ئەو بووە راهێنەری یانەکە.
پێشتر ناوی چابی ئاڵۆنسۆ بە لیڤەرپوول بەستبرابووەوە، بەڵام ئاڕنە سڵۆت ئاشکرایکردووە وەرزی داهاتووش لەگەڵ رێدز بەردەوام دەبێت، بۆیە ئاڵۆنسۆ بڕیاریدا لە دەرگای شینپۆشەکانی لەندەنەوە پەیوەندی بە پرێمەرلیگ بکات.



