
یاریگا –
کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا بە تەنزەوە باسی لە پیاوێک کرد بە ‘شێوەزاری مەکسیکی’، مەبەستی ئێنریکێ ریکێلمێ بوو.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکی ورددا ئاماژەی مەترسییەکانی ریکێلمی دەکات؛ ئەو گەنجە ئیسپانییەی کە نەک تەنیا لە رووی داراییەوە دەتوانێت رکابەری پێرێز بکات، بەڵکوو مەترسییەکی راستەقینەشە بۆ سەر تەختی سەرۆکایەتیی یانەی شاهانە.
ئیسپانییەک لە بەرگی مەکسیکی؛ ریکێلمێ کێیە؟
هەرچەندە پێرێز وەکوو مەکسیکی ناویبرد، بەڵام ریکێلمێ لە ئیسپانیا لەدایکبووە. تەمەنی 37 ساڵە و زیاتر لە 20 ساڵە ئەندامی ‘سۆسیوس’ یانەی ریال مەدریدە، ئەمەش مافی یاسایی پێ دەدات خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکات. ریکێلمی کوڕی یەکێک لە ئەندامانی پێشووی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدریدە لە سەردەمی رامۆن کالدیرۆن.

پاشای خۆر؛ بازرگانێکی جیهانی
ریکێلمێ لە جیهانی بازرگانیدا بە پاشای خۆر ناسراوە. ئەو خاوەن و سەرۆکی کۆمپانیای Cox Energyـییە، کە یەکێکە لە زەبەلاحترین کۆمپانیاکانی وزەی نوێبووەوە لە جیهاندا. کۆمپانیاکەی لە مەکسیک، چیللی، ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە پڕۆژەی ملیاردی هەیە. بەم دواییانەش لقی مەکسیکی کۆمپانیای Iberdrolaـی بە بەهای 4 ملیار دۆلار کڕییەوە.
خاوەن توانایەکی دارایی بێوێنە
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بوون بە سەرۆکی ریال مەدرید، پێشکەشکردنی گەرەنتییەکی داراییە کە یەکسان بێت بە لە %15ـی بودجەی یانەکە. بۆ ئێستا، ریکێلمی دەبێت بڕی 187 ملیۆن یۆرۆ وەکوو گەرەنتی بخاتە بەردەم یانەکە. بۆ زۆرێک لە بازرگانەکان ئەمە ئەستەمە، بەڵام بۆ ریکێلمی کە کۆمپانیاکەی چەندین ملیار یۆرۆ دەهێنێت، ئەمە کێشە نییە.
بۆچی پێرێز لێی دەترسێت؟
پێرێز لە ساڵی 2021ـەوە هەوڵ دەدات ناوی ئەم گەنجە بشێوێنێت یان بە کەم پێشانیی بدات، چونکە دەزانێت ریکێلمێ هەم گەنجە و خاوەن وزەیە، هەم پارەی پێویستی بۆ تێپەڕاندنی مەرجە یاساییەکان هەیە و لە ناوخۆی یانەکەشدا لە خێزانێکی ناسراوەوە هاتووە.
دیدگایەکی جیاواز بۆ مەدرید
ریکێلمی پێی وایە یانەکە پێویستی بە بەپیشەییکردنی زیاتر هەیە. ئەو دەڵێت؛
یانەکە دەبێت لەلایەن دەستەیەکی کارگێڕیی زۆر پڕۆفیشناڵەوە بەڕێوەبەرێت، نەک لەلایەن کۆمەڵێک هاوڕێوە. جیهانیبوون تەنها گەشتکردن نییە بۆ ئەمریکا، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی کارکردنی یانەکەیە بۆ ئاستێکی دیکە.



