
یاریگا –
بارودۆخی ناوخۆیی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و تەقینەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان یاریزانەکاندا روویداوە، ئەوەی وەرزی وابردوو وەکوو سەرەتای تێکچوونی پەیوەندییەکان دەبینرا، ئێستا بووەتە هەڵوەشانەوەی تەواوی یەکگرتوویی تیمەکە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، کاتێک کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەر بوو، رێگری لە ناکۆکییەکان دەکرد و توانیبووی هەمووان لەسەر یەک رێگەی هاوبەش کۆبکاتەوە، تەنانەت دوای شکستەکەی بەرامبەر میلان لە چامپیۆنزلیگ رێگری لە پێکدادانی نێوان دوو یاریزانی سەرەکی کرد. بەڵام دوای ئەو، ئاڵۆنسۆ و ئاربێلوا نەیانتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ژووری خۆگۆڕینیان لە دەست دەرچوو.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید پێیان وایە یاریزانەکان دڵسۆزییان بۆ یانەکە نەماوە، ناکۆکییەکان گەیشتووەتە ئاستی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە یەکتری، بەتایبەت لە نێوان ڤالڤێردی و چوامێنی. یانەکە بەدوای ئەو سیخوڕەدا دەگەڕێت کە نهێنییەکان بۆ میدیاکان دەباتە دەرەوە.
سەرکردایەتی ریال مەدرید گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت لە هاوینی 2026 شۆڕشێکی گەورە و ریشەیی بکەن. یانەکە دەیەوێت ئەو یاریزانانە دووربخاتەوە کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و درێسی یانەکە بە هی خۆیان نازانن. چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکان زۆر گەورە بن و دەرگای چوونە دەرەوە بۆ چەندین ئەستێرە بکرێتەوە.



