
یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت لە یاریگای کامپ نۆو رێگریی لە ئاهەنگگێڕانی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا بکات، بەڵام هێشتا نازانێت دەتوانێت پشت بە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی ببەستێت یان نا، چاوەڕوانییەکان بەردەوامن و دۆخی پێکانەکەی هێشتا دیار نییە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڤاڵدێبێباس پشکنینی پزیشکی بۆ ئێمباپێ بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت پێکانەکەی تاوەکوو چەند چاکبووەتەوە، بەڵام ریال مەدرید پشکنینەکەی بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخستووە تاوەکوو پشکنینی MRI بۆ بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، یانەکە هیوادارە پێشکەوتنەکانی کیلیان ئەوەندە باش بن کە بتوانێت بەشداریی بەشێک لە راهێنانە بەکۆمەڵەکان بکات.

تەنیا هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگە
تاوەکوو ئێستا دۆخەکە وەکوو مەتەڵێکە؛ رۆژی چوارشەممە ئێمباپێ تەنیا توانی لە هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگەی ڤاڵدێبێباس مەشق بکات. لەو کاتەوەی کە لە خولەکی 80ـی یارییەکەی ریال بێتیس تووشی ئەو پێکانە بوو، تیمی پزیشکی یەک ئامانجیان هەیە؛ ئامادەکردنی ئێمباپێ بۆ گەشتەکەی کامپ نۆو، کە هەمان ئامانجیش بۆ تیبو کۆرتوا دانراوە. ئەستێرە ژمارە 10ـەکەی مەدرید لە چەند رۆژی رابردوو پشووەکانی وەرگرتووە، بەڵام رۆژی سێشەممە سەرەڕای ئەوەی تیپەکە پشووی هەبوو، ئەو بەردەوام بوو لە مەشقکردن.



