یارییەکە هەڵوەشێننەوە؛ شنایدەر رەخنە لە یارییەکەی ئارسیناڵ و ئاتلێتیکۆ دەگرێت
بایرن و پاریس وەکوو یاریی کۆتایی رابگەیەنن

یاریگا –
وێسلی شنایدەر بە توندی رەخنەی لە یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان یانەی ئارسناڵ و ئاتلێتیکۆ مەدرید گرت.
یاریزانەکەی پێشووی هۆڵەندا گوتی:
ویستم دوای 35 خولەک پەیوەندی بە یوێفاوە بکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە و بە یاریزانەکان بڵێم یاریگا جێبهێڵن، تەنیا یاریی نێوان بایەرن میونشن و پاریس سان جێرمان وەکوو یاریی کۆتایی رابگەیەنم. بە راستی ئەم یارییە زۆر بێزارکەر بوو.
شنایدەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
سەیرکردنی یاریی ئارسناڵ و ئاتلێتیکۆ وەکو یاری پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ هەستی پێنەدەکرا. بەهێزی، داهێنان و کوالێتییەکی راستەقینە لە سێیەکی کۆتایی یاریگادا کەم بوو. لە یاریی کۆتاییدا قورسە وێنای ئەوە بکەیت کە کێشە بۆ تیمێکی وەکوو پاریس سانجێرمان یان بایرن دروست بکەن. بەگوێرەی ئەوەی بینیمان، دەبێتە سەرکەوتنێکی ئاسان بۆ هەر کامێکیان. لەم ئاستەدا چاوەڕێی دراما و تۆپی پێی ئاستبەرز دەکەیت، بەڵام ئەم یارییە زۆر دوور بوو لەوە.
هەروەها گوتی ئارسیناڵ لە بڕیارەکانی ناوبژیوان سوودمەند بووە:
دەبێت ئارسیناڵ زۆر سوپاسگوزاری ناوبژیوان بێت. بەرکەوتنێکی روون لەگەڵ جولیانۆ سیمۆنی هەبوو. تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو نەکەوت، مانای ئەوە نییە فاوڵ نەبووە. هەروەها لێدانێکی سزای دیکە لەسەر ئانتوان گریزمان هەبوو کە هەژمار نەکرا. بەلای منەوە ئەوانە لێدانی سزای روون بوون.



