تەواو؛ ریال مەدرید چارەنووسی دانی سیبایۆسی یەکلایی کردەوە
کۆتایی چیرۆکە بێزارکەرەکە

یاریگا –
دوای چەندین ساڵ لە دەنگۆ و هەوڵی گەڕانەوە بۆ یانە دێرینەکەی، دانی سیبایۆس و ریال مەدرید گەیشتنە خاڵی کۆتایی.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید و سیابیۆس هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هاوینی 2026 کاتی ماڵئاواییە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا یەک وەرز لە گرێبەستی یاریزانەکە ماوە.
کۆتایی خەونی بێتیس
هەمیشە وا بڕوا دەکرا سیبایۆس دەگەڕێتەوە ریال بێتیس، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە. یانە ئەندەلوسییەکە ئامادە نییە ئەو 15 ملیۆن یۆرۆیە بدات کە ریال مەدرید داوای دەکات. تەنانەت سیبایۆس بۆ یارییەکەی ئەم هەفتەیەی بەرامبەر بێتیس بانگهێشت نەکراوە، ئەمەش وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سەردەمی ئەو لە بێرنابیۆ بەسەرچووە.

وێستگەی داهاتوو؛ ئامستردام؟
لە کاتێکدا دەرگای بێتیس و مارسیلیا داخران، دەرگایەکی نوێ لە هۆڵەندا کراوەتەوە. یانەی ئەیاکس بە وردی چاودێری دۆخی سیبایۆس دەکات. جۆردی کرۆیفی بەڕێوەبەری وەرزشیی ئەیاکس، سیبایۆس وەکوو پارچەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ گواستنەوەی ئەزموون بۆ یاریزانە لاوەکانی یانەکەی.
سیبایۆس کە لە ساڵی 2017 بە هیوایەکی زۆرەوە پەیوەندی بە مەدرید کرد، بەهۆی پێکانەکان و بوونی سیانەی (کڕووس، مۆدریچ و کاسێمێرۆ) هەرگیز نەیتوانی ببێتە یاریزانی سەرەکی، ئێستاش دوای یاریکردنی تەنیا لە %16ـی خولەکەکانی ئەم وەرزە، کاتی ئەوە هاتووە جانتاکانی بپێچێتەوە.
El deseo del jugador y del Madrid es que salga del club este verano pese a que le queda un año más. El Betis, del que tan cerca estuvo, ya no es una opción.
✍️ @ASAgustinMartin pic.twitter.com/ocyAnc5ZRf
— Diario AS (@diarioas) April 24, 2026



