ئیسپانیاگرنگترین

ڤینیسیۆس بۆ من جێبهێڵن؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز دەستوەردەداتە قەیرانەکەی ریال مەدرید

"کەس بۆی نییە قسە بە ڤینیسیۆس بڵێت"

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی ریال مەدرید لەسەر دەستی دەستی بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە و هیواکانی بۆ لالیگاش بەڕێژەیەکی زۆر لەدەستدا، ئیدی ئەم وەرزە بۆ یانەی شاهانە بە شکست دادەنرێت، بەڵام لەناو ئۆفیسەکانی ڤاڵدێبێباس، فلۆرێنتینۆ پێرێز دەستیکردووە بە هەڵسەنگاندن و بڕیاردان بۆ داهاتوو.

داننان بە دوو هەڵەی کارگێڕییدا
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە کۆبوونەوە داخراوەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەم وەرزە دوو هەڵەی گەورەیان کردووە؛ یەکەمیان گرێبەستکردن بوو لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ، دووەمیشیان پەلەکردن بوو لە هێنانی ئالڤارۆ ئاربێلوا بۆ پۆستی راهێنەری تیمی یەکەم. یارییەکەی میونشن گومانەکانی پێرێزی یەکلایی کردەوە کە دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو راهێنەرێک بێت کە بزانێت چۆن ئاراستەی تیمەکە بگۆڕێت.


متمانەی کوێرانە بە ڤینیسیۆس و ئێمباپێ
لە ناوەڕاستی ئەو رەخنانەی کە بەهۆی ئاستی تیمەکەوە دروستبوون، ناوی ڤینیسیۆس جۆنیۆر زۆر دەهێنرێت، بەڵام وەڵامی پێرێز بۆ هەمووان یەکلاییکەرەوە بووە؛ “ئەوە کاری منە، ڤینیسیۆس بۆ من جێبهێڵن”. پێرێز پێی وایە ڤینیسیۆس سەرمایەی سەرەکی یانەکەیە لە ئێستا و داهاتوو، و بە دڵنیاییەوە گرێبەستەکەی نوێ دەکرێتەوە. هەروەها سەرۆک سەرسامە بەو رەخنانەی ئاراستەی کیلیان ئێمباپێ دەکرێن و بە پشتبەستن بە ژمارەی گۆڵەکانی بەرگرییەکی سەرسەختی لێ دەکات.

پەراوێزخستنی ملیۆنەکان پێرێزی تووڕە کردووە
ئەوەی زیاتر پێرێزی لە کارەکانی ئاربێلوا نیگەران کردووە، پشتگوێخستنی ئەو یاریزانانەیە کە بە سەدان ملیۆن یۆرۆ کڕراون. ئاربێلوا لە کاتە هەستیارەکاندا پشتی بە لاوانی ئەکادیمیا بەستووە، لە کاتێکدا ئەستێرە گرانبەهاکانی وەکوو ئالڤارۆ کارێراس (50 ملیۆن یۆرۆ)، دین هاوسن (62.5 ملیۆن) و فرانکۆ ماستانتونۆ (45 ملیۆن) لەسەر کورسی یەدەک خاک دانراون.

 کارگێڕیی ریال مەدرید دەستی بە گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی راهێنەرێکی نوێ، بە یاریزانەکانیشیان راگەیاندووە کە ئەوانیش پشکیان لەم وەرزە بێ نازناوەدا هەیە و دەبێت وەرزی داهاتوو قەرەبووی بکەنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button