
یاریگا –
ریال مەدرید ئەم سێشەممەیە، 21ـی نیسان لە یاریگای بێرنابیۆ بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن، یاریزانان و بەرپرسانی یانەکەش لە کاردانەوەی هاندەران تۆقیون.
دوای دوورخستنەوەیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی باش، رەنگە هاندەران لە کاتی چوونەژوورەوەی تیمەکە بۆ نێو یاریگا کاردانەوەیەکی توندیان هەبێت. چاوەڕوان دەکرێت هەندێک یاریزانی وەکوو ئێدواردۆ کاماڤینگا، ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ، زیاتر لە کاتی ئاسایی رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایەتی ببنەوە.
بێرنابیۆ تەنیا بۆ پێکهاتەکە وەکوو ریفراندۆم نابێت، بەڵکوو بۆ ئالڤارۆ ئاربێلواش دەبێت. داهاتووی راهێنەرەکە نادیارە و کاردانەوەی ئامادەبووانیش چ پاڵپشتی بێت یان رەخنەگرانە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەردەوامبوونی هەبێت.

رەنگە فیکەی ناڕەزایەتییەکان تەنیا سنووردار نەبێت بۆ یاریزانەکان، بەڵکوو رەنگە ئاراستەی دەستەی کارگێڕیش بکرێن. ئەمە یەکەم جار نابێت لەم وەرزەدا، لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر لیڤانتی، بیسترا کە هاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکەن و دیمەنی هاوشێوەش لە چەندین بۆنەی دیکەدا روویانداوە. ئەو یارییە تاوەکوو ئێستا بەو یارییە دەمێنێتەوە کە توندترین کاردانەوەی بێرنابیۆی تێدا بووە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئەم سێشەممەیە چی روودەدات.
سەرەڕای ئەوەش، کاتی یارییەکە لە ناوەڕاستی هەفتەیە و کاتێکی درەنگیش دەستپێدەکات کە کاتژمێر 21:30ـە بە کاتی ئیسپانیا، ئەمەش رەنگە بەو واتایە بێت کە یاریگاکە وەکوو هەمیشە پڕ نەبێت. ریال مەدرید رووبەڕووی دادوەریی هاندەرانی دەبێتەوە و دوای ئەم یارییە تاوەکوو 12-13ـی ئایار بۆ بێرنابیۆ ناگەڕێنەوە. دوای یارییەکەی ئالاڤێس، مێرێنگێ سێ یاری لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر بێتس، ئیسپانیۆل و بارسێلۆنا دەکەن.



