کۆڵ پاڵمەر بێدەنگی دەشکێنێت؛ مانچێستەر ماڵی منە
بەر لە جەنگەکەی شەممە؛ پاڵمەر متمانەی خۆی بۆ پڕۆژەکەی چێڵسی دووپات دەکاتەوە

یاریگا –
کۆڵ پاڵمەر، ئەستێرەی یانەی چێڵسی، بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەگەری رۆشتنی بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد دەکەن و جەختی کردەوە کە هیچ پلانێکی بۆ جێهێشتنی یانە لەندەنییەکە نییە.
ئەستێرە تەمەن 23 بەهارییەکە، کە لە منداڵییەوە هاندەری مانچێستەر یونایتد بووە، ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێک باسی گواستنەوەی بۆ ئەو یانەیە دەبیستێت تەنیا پێی دەپێکەنێت. راشیگەیاند هەرچەندە مانچستەر ماڵی ئەوە و خێزانەکەی لەوێن، بەڵام دەڵێت بیری ناکات و هەست دەکات لەوێ هیچ شتێکی بۆ نەماوەتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا پاڵمەر ئاشکرای کرد کە ئەو و ریس جەیمسی کاپتن بە جیددی لەگەڵ خاوەنەکانی یانەکە دەربارەی داهاتوو و ئەو یاریزانانەی کە پێویستە گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت گفتوگۆیان کردووە. جەختی لەوە کردەوە کە جەیمس هەرگیز گرێبەستێکی درێژخایەنی نوێی واژۆ نەدەکرد ئەگەر متمانەی تەواوی بە پڕۆژەی خاوەنەکان و پلانەکانیان بۆ داهاتوو نەبووایە.
پاڵمەر کە تاوەکوو ساڵی 2033 گرێبەستی لەگەڵ چێڵسی هەیە، ئاماژەی بەوە کرد کە گەیشتن بە پلەکانی چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر لیدز یونایتد ئامانجی سەرەکییانە بۆ ئەوەی پێگەی یانەکە بەهێز بکەن.
سەبارەت بە ئاستی لەم وەرزەدا، پاڵمەر دانی بەوەدانا کە بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و تەنیا 10 گۆڵی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوو وەرزی یەکەمیدا 43 گۆڵی کردبوو.
ئێستا چێڵسی لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و چوار خاڵ لە دوای لیڤەرپوول و حەوت خاڵ لە دوای مانچێستەر یونایتدەوەیە، کە بڕیارە رۆژی شەممە لە یارییەکی گرنگدا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە. پاڵمەر دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای هەموو قسەوباسەکان، ئەو پابەندە بە مانەوە و سەرخستنی پڕۆژەکەی چێڵسی.



