206 ملیۆن یۆرۆ لەسەر کورسیی یەدەک؛ گەوهەرە گرانبەهاکانی مەدرید کەی دەدرەوشێنەوە؟
شەوی میونشن راستییەکی تاڵی دەرخست

یاریگا –
لە کاتێکدا ریال مەدرید بە قۆناخێکی بنیادنانەوەی سەختدا تێدەپەڕێت، ئامارە داراییەکان دەریدەخەن کە یانەکە پارەیەکی خەیاڵیی لە چوار یاریزاندا خەرج کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا تەنیا وەکوو پڕۆژەی دواڕۆژ ماونەتەوە و نەبوونەتە فریادڕەسی ئێستای یانەکە.
وەبەرهێنانێکی بێدەستکەوت
چوار یاریزان (هاوسن، کارێراس، ماستانتۆنۆ و ئێندریک) کە بڕی 206.2 ملیۆن یۆرۆیان تێدا خەرج کراوە، جگە لە ئێندریک کە بە خواستن بۆ لیۆنی فەرەنسی یاریی دەکات، سێ ئەستێرەکەی دیکەی مەدرید لە شەوە هەرە گرنگەکەی ئالیانز ئارێنا بەرامبەر بایرن میونشن یەدەک بوون. ئەمە راستییەکی تاڵ بۆ کارگێڕیی ریال مەدرید دەسەلمێنێت؛ ئەو یاریزانانەی گرانترینن لە مێژووی یانەکەدا، هێشتا متمانەی راهێنەریان بۆ یارییە گەورەکان بەدەستنەهێناوە.

گرانترین بەرگریی لە مێژوودا
ئامارەکان شۆککەرن؛ هاوسن بە 58 ملیۆن یۆرۆ گرانترین دڵە بەرگریکارە لە مێژووی ریال مەدرید، هەروەها کارێراس بە 50 ملیۆن یۆرۆ گرانترین بەرگریکاری باڵی یانەکەیە، لەولاشەوە ماستانتۆنۆ بە 63.2 ملیۆن یۆرۆ گەورەترین خەرجی بۆ کراوە. سەرەڕای ئەم پارە زۆرە، ماستانتۆنۆ لە 15 یاری رابردوودا تەنیا 76 خولەک یاریی کردووە و بە تەواوی پەراوێزخراوە.
چاوەڕوانی بۆ بۆبی
هاندەرانی ریال مەدرید هیوایەکی زۆریان بە وەرزی داهاتوو هەیە، کاتێک ئێندریک و نیکۆ پاز وەکوو گرێبەستی نوێ دەگەڕێنەوە و دەچنە ناو پێکهاتەکەوە، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە؛ لۆس بلانکۆس دەتوانێت چاوەڕێی گەشەکردنی ئەم گەنجانە بکات لە کاتێکدا یانەکە تینووی نازناوی خێرا و دەستبەجێیە؟



