سیمیۆنی؛ دەركردنی بارسێلۆنا كارێكی ئاسان نییە و دەزانین چیمان دەوێت
دیێگۆ خەون بە بردنەوەی نازناوەكە دەبینێت

یاریگا –
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیكۆ مەدریدی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بە سەركەوتنی یانەكەی بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەربڕی.
شەوی رابردوو ئاتلێتیكۆ مەدرید لە یاریگای ریاز ئێر مێترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە خۆی میوانداری بارسێلۆنای كرد و بە ئەنجامی هەردوو یاریی هاتن و چوون 3-2یارییەكەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ.
VAAAAAAAAAAAAAAMOOOOOOOOOOOOOOOOOOOOOOSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSSS pic.twitter.com/Qdo08ukdVf
— Atlético de Madrid (@Atleti) April 14, 2026
سیمیۆنی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكە گوتی:
هەندێک هەڵەمان كرد کە رێگای پێدان سوود لە پاسە وردەکانیان وەربگرن، بەوەش کۆنترۆڵکردنیان قورس بوو.
کاتێک ئەنجامەکە 2-0 بوو، خەریک بوو یارییەکە لەدەستمان دەربچێت و بێ ئومێد بین، بەڵام گەڕاینەوە ناو کەشی یارییەکە و سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، ئەمەشمان بەهۆی کەسایەتی بەهێزی خیمینێز، کۆکی و یۆرێنتی، هێمنی مووسۆ، باشتربوونی ئاستی جولیانۆ و گەڕانەوەی لوکمان بۆ ناو یارییەکە ئەنجامدا.
لە گێمی دووەمدا، یارییەکە هاوسەنگتر بوو، دەمانزانی بارسێلۆنا دوای ماندووبوونی رۆژی شەممە تووشی شەکەتی دەبن، گۆڕانکارییەکانیش وزەیەکی زیاتریان پێ بەخشین.
ئەمە یارییەکی ناوازە بوو، سەرکەوتنەکەمان لەو ساتەوە دەستی پێکرد كاتێک بەرەو یاریگا دەچووین هاندەرانمان لە ناو پاسەکەوە بینی، 14 ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا بەو دیمەنانە كاریگەر دەبم.
دەزانین چیمان دەوێت و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەدەین.
ئاسان نییە بارسێلۆنا سێ جار لە پاڵەوانێتییەکە دەربکەیت، ئێمە بەو هەموو دڵسۆزی و جۆش و خرۆشەوە ئەوەمان کرد، هیوادارم یاریزانەکان کەمێک پشوو بدەن و رۆژی شەممە یارییەکی نایاب پێشکەش بکەن.
ئاتلێتیكۆ مەدرید لە قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی براوەی نێوان ئارسیناڵ و سپۆرتینگ دەبێتەوە.



