ئارسیناڵ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بۆندسلیگا دەستپێدەکات
ئامانجی سەرەکی یانەکەیە

یاریگا –
یانەی ئارسیناڵ بەرگریکاری فەڕەنسی کاستێیۆ لوکێبای کردووەتە ئامانج و لە مێرکاتۆی هاوینە هەوڵی گواستنەوەی دەدات.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ ئارەزووی گواستنەوەی لوکێبا، بەرگریکاری یانەی لایپزیگ دەکات و چاودێری دۆخی یاریزانەکە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە فەڕەنسییەکە، ئارسیناڵ لە یارییەکەی نێوان لایپزیگ و بۆروسیا دۆرتمۆند چەند ئەندامێکی یانەکەی ناردووە لە نزیکەوە چاودێریی بەرگریکارە 23 ساڵانییەکە بکەن و لە ئاست و تواناکانی دڵنیاببنەوە.
بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لوکێبا 69 ملیۆن یۆرۆیە و یانە ئەڵمانییەکە ئامادەیە دەستبەرداری بێت.
هاوکات، خودی یاریزانەکە ئارەزووی یاریکردنی لە خولە گەورەکانی وەکوو پرێمەرلیگ و لالیگا نەشاردووەتەوە و پێشتر لە لێدوانێکدا رایگەیاند خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە پاڵەوانی جیهان و چامپیۆنزلیگ بباتەوە.
خەون بە بوون بە پاڵەوانی جیهان دەبینم، دەمەوێت چامپیۆنزلیگ ببەمەوە. بە دیاریکراوی خەون بە یاریکردن بۆ یانەیەک نابینم، ئەوەندەی خەونم بردنەوەی نازناوەکانە.



