تیمەکانی پرێمەرلیگ لە ئەوروپا شکست دەهێنن

یاریگا –
تیمەکانی پرێمەرلیگ لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ هەفتەیەکی زۆر خراپیان بەڕێکرد و لە کۆی شەش یانە هیچ بردنەوەیەکیان نەبوو.
پرێمەرلیگ لە لایەن زۆرینەی هاندەرانی تۆپی پێوە بە باشترین خولی جیهان دادەنرێت، لەم هەفتەی چامپیۆنزلیگ دووچاری پاشەکشەیەکی گەورە بوو و لە کۆی شەش تیمی ئینگلیزی هیچیان نەیانتوانی یارییەکەی خۆیان ببەنەوە. سێ لە تیمەکان ئێستا دۆخێکی سەختیان هەیە و لە یاریی گەڕانەوە بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی پێویستیان بە موعجیزەیە.
یەکێک لە گەورەترین و چاوەڕواننەکراوترین شکستەکان بۆ مانچێستەر سیتی بوو. تیمەکەی پێپ گواردیۆلا وەکوو پاڵێوراوی بردنەوە دەستیپێکرد بەڵام 3-0 لەنێو بێرنابیۆ دژی ریال مەدرید دۆڕا. هەموو ئەو ئاستە باشەی لە مانگی رابردوو نیشانیاندا لەم یارییە ونبوو، تەنیا گەڕانەوەیەکی موعجیزەئاسا دەتوانێت سیتیزن بباتە چارەکی کۆتایی.
یەکێکی دیکە لە سوپڕایزەکان شکستی چێڵسی بوو 5-2 بەرامبەر پاریس سانجێرمان. هەمووی بەهۆی رکابەرەکەوە نا کە هەڵگری نازناوەکەیە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی چۆن روویدا. بلوز دووجار ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام هەڵەکانی بەرگری لەلایەن جۆرگینسن و دواتریش ریس جەیمس لە یارییەکی کراوەدا سزایدان. یارییەکەی ستامفۆرد بریج بڕیار لەسەر هەمووشتێک دەدات، بەڵام بە هەڵەی لەو شێوەیە بەرامبەر یاریزانی وەکوو عوسمان دێمبێلێ، برادلی بارکۆلا و خڤیچا کڤاراتسخێلیا زۆر قورس دەبێت.
لیڤەرپوول و تۆتنهام بەهەمان شێوە یارییەکانی خۆیان دۆڕاند. تیمەکەی ئارنە سڵۆت 1-0 لە تورکیا بەرامبەر گاڵاتاسەرای دوای ئاستێکی لاواز شکستی هێنا، ئەگەرچی هێشتا لە یاریی گەڕانەوە و لەنێو ئانفێڵد دەرفەتی گەڕانەوەیان هەیە. دۆخی تۆتنهام خراپترە، 5-2 دژی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەنێو مێترۆپۆلیتانۆ شکستی هێنا و ئێستا ئیگۆر تودۆری راهێنەریان لەژێر فشارێکی زۆردایە.
تەنیا تیمی ئینگلیزی کە خۆی لە شکست رزگارکرد ئارسیناڵ بوو، ئەگەرچی تۆپهاوێژەکان بەخت یاوەریان بوو 1-1 بەرامبەر بایەر لیڤەرکوزن یەکسانبوو. پێناڵتییەکی گوماناوی لەسەر نۆنی مادوێکی یارمەتیدان لە شکست رزگاریان بێت و کای هاڤێرتز لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی یەکسانبوونی کردەوە. هەفتەی داهاتوو هەمووشتێک لە یاریگای ئیماراتس.
نیوکاسڵیش بەهەمان شێوە توانی یەکسانبوونێکی شکۆمەندانە 1-1 لە سان جەیمس پارک دژی بارسێلۆنا بەدەست بهێنێت. نیوکاسڵ یارییەکی باشتری لە بارسێلۆنا کرد، بەڵام پێناڵتییەک لە دوایین ساتەکانی یارییەکە کە لەسەر دانی ئۆلمۆ هەژمارکرا و لامین یامال گۆڵی پێکرد، رێگری لە سەرکەوتنیان کرد.



