خۆمان لە کەس بە کەمتر نازانین؛ ئاربێلوا ئامادەیی ریال مەدرید بەرامبەر سیتی رادەگەیەنێت
"ئێمە ریال مەدریدین، گرنگ نییە بەرامبەر کێ یاریی دەکەین"

یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا متمانەی تەواوی بە تیپەکەیەتی و رایدەگەیەنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی ئامادەن.
وا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 23:00 بە کاتی هەولێر، لە یاریی لووتکەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی مانچێستەر سیتی بکات.
سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید لە دۆخێکی سەختدایە و بەدەست پێکانی کۆمەڵێک ئەستێرەیەوە دەناڵێت، بەڵام ئاربێلوا، راهێنەری یانەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە دڵخۆشی خۆی بە یارییەکە دەربڕی، رایدەگەیەنێت بە پەرۆشەوە دەچنە نێو یارییەکە و گرنگ نییە رکابەرەکەیان کێیە، ریال مەدرید خۆی لە کەس بە کەمتر دانانێت.
ئێمە ریال مەدریدین، هەمیشە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ پاڵێوراوین. بڕواشمان وایە هەرگیز خۆمان لە کەس بە کەمتر دانانێین. گرنگ نییە لە چ بارودۆخێکداین، گرنگ نییە رووبەڕووی کێ دەبینەوە، باوەڕمان وایە ئێمە ریال مەدریدین، نابێت خۆمان لە کەس بە کەمتر دابنێین.
مێرەنگی لە دۆخێکدایە کەس خۆی پێ ناخوازێت، بەبێ کیلیان ئێمباپێ، جول بێلینگهام، ئیدێر میلیتاو، ئالڤارۆ کارێراس، رۆدریگۆ گۆیس، دانی سیبایۆس و دەیڤد ئالابا رووبەڕووی مانچێستەر سیتییەکەی پێپ گواردیۆلا دەبێتەوە.



