لیژنەی رێککاری و سزادان راهێنەری هەولێری سزادا
چەند بڕیارێک لە لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان

یاریگا –
لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند سزایەکی دەرکرد و لە نێویاندا راهێنەری هەولێر سزادراوە.
دوای کۆبوونەوەیان لەسەر رووداوەکانی گەڕی 13ـی خولی پلە یەکی کوردستان، لیژنەی رێککاری سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بریارێکی دەرکرد، بە هۆی هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی گووتەی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوان لە یاریی نێوان هەولێر و بازیان، سەرمەد عەزیز، راهێنەری هەولێر بۆ یەک یاریی سزادرا و لەگەڵ مانەوەی کارتە سوورەکەی.
بە هۆی وەستاندنی یاریی بۆ چەند جارێک لە یاریی نێوان سێمێل و بەردەڕەش لە لایەن هاندەرانیەوە، بڕیاردرا بە پێبژاردنی یانەی سێمێل بە بڕی یەک ملیۆن دینار، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە سزاکەیان زیاتر دەبێت.
بڕیارەکانی لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.
1- یاریی نێوان یانەی (هەولێر x بازیان) لە گەڕی (13)یەمی خولی پلە یەکی کوردستان:
بەهۆی هەڕەشەکردن و گوتنی قسەی نەشیاو بەرامبەر بە ناوبژیوانان، ڕاهێنەری یانەی هەولێر (سەرمەد عزیز)، بە پشتبەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (6)ی سزای کارگێڕی و ڕاهێنەران، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی بۆ (1) یەک یاری وەک سزای کارگێڕی، و مانەوەی سزا هونەرییەکەی کە بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە؛ کەواتە ناوبراو لە گەڕەکانی (14) و (15) وەک ڕاهێنەر لە ناو یاریگا بێبەش دەبێت.
2- یاریی نێوان یانەی (سێمێل x بەردەرەش) لە گەڕی (13)یەمی خولی پلە یەکی کوردستان:
أ- بەهۆی ئاژاوەگێڕی و ڕێگریکردن لە یاری و وەستانی بۆ چەند جارێک و چەند خولەکێک، بە پشتبەستن بە بڕگەی (ج) لە ماددەی (3)ی جەماوەر، بڕیاردرا بە پێبژاردنی یانەی سێمێل بە بڕی (1,000,000) (یەک ملیۆن) دیناری عێراقی.
ب- بەهۆی جنێودان و گوتنی قسەی نەشیاو بەرامبەر بە دەستەی ناوبژیوانان، یاریزانی یانەی سێمێل (سرهاد فەرهاد) بە ژمارە (12)، بە پشتبەستن بە بڕگەی (أ) لە ماددەی (7)ی سزای یاریزانان، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی بۆ (1) یەک یاری.
ئاگاداری:
ئاگاداری یانەی (سێمێل) دەکەینەوە کە پێویستە بەڕێوەبردنی یارییەکان لە یاریگاکەتاندا بە شێوەیەکی تەندروست و لەبار بێت بۆ بەڕێوەچوونی یاری. هەروەها پێویستە کارمەندانی (نەقالە) و تۆپهێنەرەکان بە باشی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی هەموو هەلومەرجەکان بۆ تیپی خاوەن یاریگا و تیپی میوان وەک یەک دابین بکرێن ، بە پێچەوانە تووشی سزا دەبن .
تێبینی:
ئەم بڕیارانەی سەرەوە شیاوی تێهەڵچوونەوەن (ئیستئناف) لە ماوەی (48) کاتژمێردا دوای بڵاوبوونەوەیان.



