ئه‌وروپائیسپانیائینگلتەراگرنگترین

سێ بژاردەی گەورە؛چاڤی هێرناندێز بڕیار لە داهاتووی خۆی دەدات

چاڤی به‌ربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پۆستی دوو یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌یه‌ك

Yariga App

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز،راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی تر بووەوە بە سەنتەری بازاڕی گواستنەوەی ڕاهێنەران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی فێچاخێس، ئەم ڕاهێنەرە کاتالۆنییە ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە سێ پێشنیاری جیاواز بۆ وەرزی داهاتوو، کە بریتین لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، تۆتنهام و هەڵبژاردەی مەغریب.

1. مانچستەر یونایتد؛ بژاردەیەک لە ژێر چاودێریدا

ناوی چاڤی لە هەفتەکانی ڕابردوودا بە توندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە بەسترایەوە، بەتایبەت کاتێک یانە ئینگلیزییەکە لە قەیرانی ئەنجامەکاندا بوو. بەڵام دۆخەکە گۆڕاوە؛ لەو کاتەوەی مایکل کاریک بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی گرتووەتە ئەستۆ، ئەنجامەکانی یانەکە باشتر بوون.

كارگێری یانه‌كه‌ی ئۆڵد ترافۆرد ئێستا بیر لە بەردەوامبوونی کاریک دەکەنەوە. تەنیا لەو حاڵەتەی کە کاریک نەیەوێت وەک راهێنەری هەمیشەیی بمێنێتەوە، چاڤی دەبێتە بژاردەی یەکەم بۆ شەیتانە سوورەکان.

2. تۆتنهام؛ گەڕان بەدوای سەرکردەیەکی نوێدا

دۆخەکە لە یانەی تۆتنهام جیاوازە. دوای دوورخستنەوەی تۆماس فرانک، کە ئەزموونەکەی لەگەڵ یانەکە وەک پێویست نەبوو، یانە لەندەنییەکە بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێت کە پڕۆژەیەکی نوێ بنیاد بنێتەوە. هه‌رچه‌نده‌ تودۆر ئێستا راهێنه‌ری یانه‌كه‌یه‌ به‌ڵام تۆتنهام ئه‌م راهێنه‌ره‌ به‌ پرۆژه‌ی داهاتووی خۆی نابینێت، چاڤی وەک به‌ربژێرێكی سەرنجڕاکێش دەبینرێت، چونکە تۆتنهام وەرزی داهاتوو بەشداریی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان ناکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بە چاڤی بەبێ فشاری دەرەکی تەنبا سەرنج بخاتە سەر خولی ئینگلیزی و دروستکردنی تیپێکی بەهێز. شارەزایی چاڤی لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و یاریی هێرشبەری، لەگەڵ ویستی ئیدارەی تۆتنهام یەکدەگرێتەوە.

3. هەڵبژاردەی مەغریب؛ پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی جیاواز

بژاردەی سێیەمی بەردەم چاڤی، وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی مەغریبە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەغریب دەیەوێت دوای درەوشانەوەی هەڵبژاردەکەیان، بازدانێکی تری کوالیتی هه‌بێت و چاڤی بە باشترین کەس دەبینن بۆ ئەم مەبەستە. ئەم ئەرکە بۆ چاڤی جیاواز دەبێت، چونکە فشاری کارکردنی ڕۆژانەی یانەکانی تێدا نییە و دەتوانێت سەرنج بخاتە سەر پاڵەوانێتییە گەورەکان. شێوازی یاریی مەغریب و هەبوونی نەوەیەکی بەهرەمەند، تەواو لەگەڵ فەلسەفەی چاڤی دەگونجێت.

بڕیاری کۆتایی

چاڤی دەبێت لە نێوان فشاری توندی خولی ئینگلیزی و سەقامگیریی پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ مەغریب، یەکێکیان هەڵبژێرێت. بەپێی سەرچاوەی فێچاخێس، داهاتووی ئەم ڕاهێنەرە یەکێک دەبێت لە گەورەترین جوڵەکانی بازاڕی ڕاهێنەران لە هاوینی داهاتوودا.

بابەتی زیاتر

Back to top button