
یاریگا –
کلاسیکۆی گەرمیان لە خولی نایابی کوردستان لە بەرژەوەندی دەربەندیخان کۆتایی هات و بلە پاتۆش لەگەڵ یانەکە مێژوو دەنووسێتەوە.
لە گەڕی 17ـی خولی نایابی کوردستان، دەربەندیخان لە کلاسیکۆی گەرمیان میوانداری شێروانەی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 0 لێ بردەوە، هەر دوو گۆڵی یارییەکە یاریزان فەرزندە محەمەد ناسراو بە بلە پاتۆ تۆماریکرد و هیوایەکی بەخشیەوە به یانەکە بۆ مانەوە لە ریزی نایاب.
دوایین سەرکەوتنی دەربەندیخان بەرامبەر شێروانە دەگەڕێتەوە بۆ 26ـی نۆڤێمبەری 2023 کە 2 _ 1 دەربەندیخان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەم یارییەشدا فەرزندە محەمەدی هێرشبەر هەر دوو گۆڵەکەی تۆمار کرد و دوای سێ ساڵ هەمان رەوشی بەسەر شێروانەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان هێنا و دوو گۆڵی دیکەی لێ تۆمار کردن.
لەم وەرزەدا بلە پاتۆ خاوەنی تەنیا پێنج گۆڵە، دەربەندیخانیش بە 13 خاڵ لە ریزبەندی کۆتایی یانەکانی خولی نایابی کوردستان دێت، شێروانەش 19 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولەکە دێت.



