پێشهاتی نوێ؛ یانەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ دەچێتە کێبڕکێی گواستنەوەی ماتێتا

یاریگا –
یانەی تۆتنهام بیر لە گواستنەوەی ژان فیلیپ ماتێتا، هێرشبەری فەڕەنسی یانەی کریستاڵ پاڵاس دەکاتەوە.
ماتێتا لە گواستنەوەی زستانەی ساڵی 2022 لە ریزەکانی ماینز بە بڕی 11 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە کریستاڵ پاڵاس کرد و تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیەدا هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دەیلی مەیل، تۆتهام دەیەوێت هێرشبەرێکی گونجاو بگوازێتەوە تاوەکو بتوانێت کۆڵۆ موانی بەڕێبکات.

یوڤێنتوس بۆ گواستنەوەی کۆلۆ موانی، هێرشبەری تۆتنهام هاتووەتە سەرهێڵ. تۆماس فڕانک، راهێنەری تۆتنهام رایگەیاندبوو لەم کات و ساتەدا دەستبەرداری هیچ یاریزانێک بن، بەڵام ئەگەر بژاردەیەکی باشیان بێتە بەردەست دەیگوازنەوە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە ئارەزووی رۆیشتن لە کریستاڵ پاڵاس دەکات و چەندین یانە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی چرکردووەتەوە، لەوانەیە نۆتینگهام فۆرێست، ئەیسی میلان و ئاستۆن ڤێلا.
ماتێتا لەم وەرزەدا 34 یاریی بۆ کریستاڵ پاڵاس کردووە، توانیویەتی 10 گۆڵ بکات و دوو گۆڵیش دروستبکات.
لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس لە 186 یاریی، 56 گۆڵی کردووە و 13 گۆڵیشی دروستکردووە.



