
یاریگا –
سەرۆکی یانەی مارسیلیا روونی دەکاتەوە چۆن بڕیاری لەسەر گواستنەوەی مەیسن گرینوود داوە.
یانەی مارسیلیا وەکو یانەیەکی خێزانی و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی خۆی دەبینێت، نەوەکو تەنیا تیمێکی تۆپی پێ. یانەکە بەخۆڕایی درێس بە منداڵانی تازە لەدایکبوو دەدات، یاریگا ناوخۆییەکان نۆژەن دەکاتەوە، هەلی کار دەڕەخسێنیت و پڕۆگرامی تایبەت بۆ یارمەتیدانی منداڵان بەڕێوەدەبات.
پابلۆ لۆنگۆریا، سەرۆکی یانەکە دەڵێت؛ تۆپی پێ واتە خولیا، بەها و بەخشینەوەی بە کۆمەڵگە، نەوەکو تەنیا ئەنجامی یارییەکان. لۆنگۆریا باوەڕی وایە بوون بە سەرۆکی یانە بەرپرسیارییەتییەکە لەلایەن هاندەرانەوە پێی بەخشراوە، پێشی وایە یانەی تۆپی پێ تەنیا کۆمپانیایەک نییە، بەڵکو مووڵکی خەڵکە.

مارسیلیا کاتێک بڕیاریدا ئاخۆ مەیسن گرینوود بگوازێتەوە یاخود نا، پابلۆ رووبەڕووبووی بڕیارێکی سەخت بووەوە، سەرۆکی یانە فەڕەنسییەکە دەڵێت؛ زۆر بە وریاییەوە لەسەر کەیسەکە خوێندنەوەی کردووە و داوای لە دایکی کردووە ئامۆژگاریی بکات، کە پێشتر لە سیستمی زیندانی ئیسپانیا کاریکردووە و دوای پێداچوونەوە بە سەرجەم زانیارییەکان، پێیگوتووە گرێبەستەکە ئەنجام بدات.
گرینوود لە ئینگلتەرا رووبەڕووی تۆمەتی مەترسیدار کرایەوە کە دواتر بێتاوان لێی دەرچوو و سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە. دوای جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد لە ساڵی 2024 پەیوەندیی بە مارسیلیاوە کرد و ئێستا گۆڵکاری یانەکەیەتی لە لیگ وەن.

لۆنگۆریا دان بەوەدا دەنێت گواستنەوەی یاریزانە ئینگلیزییەکە ڕەخنە و مەترسیی ناوبانگی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام باوەڕی وایە لەسەر بنەمای زانیاریی تەواو و بنەما مرۆڤایەتییەکان بڕیارێکی دروستی داوە. یاریزانەکەش بەباشی بەرەوپێش دەچێت، تەنیا وەکو گۆڵکارێک نا، بەڵکو وەکو یاریزانێکی تیمەکەش.
مارسیلیا بە بەرەوپێشچوونی گرینوود دڵخۆشە و باوەڕی وایە دەتوانیت لە یانەکە داهاتووییەکی پڕشنگداری هەبێت بە پشت بەستن بە ئاستی یاریزانەکە، پەیوەندییە داراییەکان و ڕێکەوتنی نێوان هەموو لایەنەکان.



