پاریس سانجێرمان ئەستێرەیەکی چێڵسی دەکاتە ئامانج

یاریگا –
یانەی پاریس سان جێرمان زۆر سەرسامی تواناکانی ئێنزۆ فێرناندێز، ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی چێڵسییە و دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لیکیپ ـی فەڕەنسی، پاریس سان جێرمان ئارەزووی گواستنەوەی ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە دەکات و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکات.
پاریس سان جێرمان پێیوایە ناسەقامگیری نێو یانەکە و دوورخستنەوەی ئێنزۆ مارێسکا و دەستنیشانکردنی لیام رۆسێنسیۆر وەک جێگرەوەی، رەنگە گواستنەوەی یاریزانە تەمەن 24 بەهارییەکە ئاسان بکات، چونکە ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە زۆر بە دەرکردنی مارێسکا دڵتەنگ بووە و ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە روو لە یانەیەکی دیکە بکات.
هەر بەگوێرەی سەرچاوەکە، پاریس نایەوێت لە مێرکاتۆی زستانە هیچ گرێبەستێک پێشکەشی ئێنزۆ بکات، پلانەکانی بۆ یاریزانەکە لە مێرکاتۆی هاوینەدایە و وەک یاریزانێکی گرنگ بۆ داهاتووی یانە فەڕەنسییەکە دەیبینن.
ئێنزۆ لە ساڵی 2023 بە بڕی 121 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بێنفیکای پۆرتووگالییەوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد، لەوکاتەوە یاریزانێکی گرنگ و سەرەکی یانەکە بووە، لەکۆی 145 بەشداریی یاری، 26 گۆڵی کردووە و 24 ئەسیستی دروستکردووە.



