
یاریگا –
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، پێ دەنێتە دوایین ساتەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ بلوگرانا و لەلایەن یانەکانی سعودییەوە کراوەتە ئامانج.
هێرشبەرە پۆڵەندییەکە گرێبەستەکەی شەش مانگی دیکە کۆتایی دێت و دەتوانێت لەگەڵ یانەیەکانی دیکە گفتووگۆ بکات.
رۆژنامەی ئاس، لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی یاریزانەکە ئاشکرایکردووە بە ئەگەری زۆرەوە وەرزی داهاتوو لیڤا لە یەکێک لە یانەکانی خولی سعودی یاری دەکات، هەرچەندە چەند یانەیەکی خولی ئەمریکیش گرنگی بە تواناکانی هێرشبەرە لێهاتووەکەی بارسا دەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کاپتنەکەی پۆڵەندا هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی نەداوە و دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هانزی فلیک، راهێنەری یانەکەی کۆببێتەوە و رۆڵی لە پێکهاتەکەیدا تاوتوی بکات و دواجار بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی بدات.
لیڤاندۆڤسکی بە یاریزانێکی تاکتیکی پیکهاتەکەی فلیک دادەنرێت و لەنێو ژووری خۆگۆڕینی یانەکەی یەکێکە لە رێزلێگیراوترین یاریزانەکان.
لیڤا لە ساڵی 2022 ریزەکانی یانەی بایرن میونشنی جێهێشت و رووی لە بارسێلۆنا کرد، لەوکاتەوە دوو نازناوی لالیگا، دوو نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و جامێکی شای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.
هەروەها لەکۆی 167 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 111 گۆڵی کردووە و 22 ئەسیستی دروستکردووە.



