
یاریگا –
یانەی هەولێر، پێشەنگی ئێستای خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و جەماوەریدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی یانەی قوە جەوییە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەدا، راهێنەر و کاپتنی یانەکە پەیامی دڵنیاییان دایە هاندەران.
باسم قاسم: قوە جەوییە بریندارە و مەترسیدارە
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر، لە دەستپێکی قسەکانیدا دانی بە سەختی یارییەکەدا نا و گوتی،
“ئەمە یارییەکی ئاست بەرز و گرنگە بۆ هەردوولا، ئێمە دوای یارییەکەی نەفتی میسان، تیپەکەمان بە تەواوی لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادە کردووە.”
سەبارەت بە رکابەرەکەیان، راهێنهرهكه هۆشداریدا،
“سەرەڕای دۆڕانەکەی ئەم دواییەیان، بەڵام قوە جەوییە هەر بە تیپێکی سەخت و سەرسەخت دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەڵێنی ئەنجامێکی ئەرێنی بە هاندەرەکانمان دەدەین.”
باسم قاسم خاڵی بەهێزی یانەکەی بۆ یارییەکە ئاشکرا کرد و گوتی،
“سوودی سەرەکیمان لەم یارییەدا گەڕانەوەی هاندەرە ئازیزەکانمانە بۆ نێو یاریگا، کە هەمیشە راهاتووین بە پاڵپشتییە کاریگەرەکەیان.”
سەرهەنگ موحسین: راگرتنی خولەکە زیانی لێداین
لای خۆیەوە، سەرهەنگ موحسین، کاپتن و گۆڵپارێزی یانەی هەولێر، جەختی لە ئامادەیی یاریزانان کردەوە و رایگهیاند،
“ئامادەکارییەکانمان بەباشی بەڕێوەدەچێت و پابەندین بە رێنماییەکانی ستافی راهێنەران، ئێمە زۆر گەشبینین بە بردنەوە، بەتایبەتی کە هاندەرەکانمان دەگەڕێنەوە، ئەوان سەلماندوویانە کە یاریزانی دوازدەهەمی ئێمەن.”
سەرهەنگ گلەیی لە دواکەوتنی یارییەکان کرد و گوتی،
“راگرتنی خولەکە لە ماوەی رابردوودا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی ئێمە هەبوو، بەڵام ئێستا ئامادەین و بەڵێن دەدەین سبەی ئاستێکی شایستە پێشکەش بکەین.”
پارێزگاری لە لووتکە
یارییەکەی سبەی بۆ یانەی هەولێر چارەنوسسازە، چونکە یانەی قەڵا و منارە بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی گرتووە و دەیەوێت بە بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەکە، پێگەکەی خۆی لە لووتکەدا بههێزتر بکات.



