ئینگلتەرا

چێڵسی لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینی کۆرۆنای مەکسیکی

یاریگا- ڕاپۆرتە جیاوازەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی چێڵسی ئینگلیزی گفتوگۆی ساز داوە لە بارەی گواستنەوەی خیسوس کۆرۆنا بۆ ڕیزەکانیان.

خسیوس کۆرۆنا، یاریزانی مەکسیکی و یانەی پۆرتۆی پورتوگالی، بە ئاست و توانا جۆراوجۆرەکانی بۆتە جێی سەرنجی یانە گەورەکان و وەک بریکارەکەشی دەڵێت، جگە لە چێڵسی، یانەکانیتر لە ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا بۆ هەمان مەبەست قسەیان لەگەڵ کردوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ بڵاوکراوەی Medio Tiempoی مەکسیکی، ماتیاس بونجی بریکاری کۆرۆنای تەمەن 27 ساڵ بەم شێوەیە خواستی سەر یاریزانەکەی ئاشکرا کرد: “لە چەند تەوەرەیەکەوە لەگەڵ چێڵسی قسەمان کردووە، بەڵام ناتوانم بڵێم خیسوس کۆرۆنا بۆ ئەوان بژاردەی A,B, یاخود Cـە. لە ئێستادا جارێ هەر دەنگۆیە.

لە بارە نرخی ناوبراوەوە گوتیشی: “جارێ دوو ساڵی گرێبەستەکەی لەگەڵ پۆرتۆ ماوە. مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 30 ملیۆن یۆرۆیە. ماوەی چەند ساڵێکە کۆرۆنا ڕەگەزێکی زۆر گرنگی پۆرتۆیە، با بزانین ئەمە لە کوێدا کۆتایی دێت.

“لەگەڵ چەند یانەیەکیتر لە ئینگلتەرا و ئیسپانیا و هەندێکی ئەڵمانیاش قسەمان کردووە، بەڵام ئەم کاتانەی ساڵ گفتوگۆکان زیاتر قووڵتر دەبن. ئەم بازاڕی گواستنەوەش هێشتا بەندە بەوەی کە خولەکان دەست پێ دەکەنەوە یاخود هەڵدوەشێنەوە.”

لە تایبەتمەندییەکانی خیسوس کۆرۆنا بەهرەکەیەتی کە دەتوانێت وەک باڵی هێرشبەری و هەروەها بەرگریکاری تاک-ڕاست بە باشی یاریی بکات.

لە کۆی 31 یاری ئەم وەرزەی پۆرتۆ، هەشت پاسی گۆڵی بۆ هاوتیمیەکانی درووست کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button