ئیسپانیا

خافێر تیباس: لالیگا بگەڕێتەوە هەموو ڕۆژێک یاری هەیە!

یاریگا- خافێر تیباس، سەرۆکی خولی ئیسپانی بە لێدوانی تازەوە دەرکەوتەوە و قسەی ئەرێنی و دڵخۆشکەری پێ بوو بۆ هەوادار و هاندەرانی تۆپی پێ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا.

تیباس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی مۆڤیستاری وڵاتەکەی وتی: “هیوادارم یارییەکان لە 12ی مانگی داهاتوو دەست پێ بکەنەوە، بەڵام دەبێت وردبین بین، چونکە شتەکە تەنها پەیوەست نییە بە تۆپی پێوە بەڵکوو بە هەموو کۆمەڵگەوە پەیوەیستە. پێویستە لە سەرمان گوێڕایەڵی یاسا و ڕێکارەکانبین بۆ پاراستنی تەندروستی هەموو لایەک.

ناوبراو گوتیشی: “بەوپێیەی کە یارییەکان بەبێ هاندەر بەڕێوە دەچن، بۆیە چەند بیرۆکەیەکمان لا گەڵاڵە بووە بۆ پەخشکردنی یارییەکان. هەرکە لالیگا بگەڕێتەوە، ئەوا هەموو ڕۆژێک یاری هەیە.”

تیباس ڕەوشەکەی بە باشتر وەسف کرد لە چاو پێشووتردا و باسی لەوە کرد کە لە کۆی 25 هەزار پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە، تەنها هەشت دانەیان ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ واتا هەڵگری کۆرۆنا بوونە، کە ئەوەشی بە “هەواڵێکی خۆش” ناوزەد کرد.

ئەم قسانەی سەرۆکی لالیگا دوای ئەوە دێت کە یانەکانی خولەکە دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، بە شێوەی ئەنجامدانی مەقسی تاکەکەسی گەڕاونەتەوە بۆ ڕاهێنانەکان، لە نێویشیاندا بارسای پێشەنگ و ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید. بەڵام هەر دوێنێ یەکشەممە راگەیندرا کە پێنج یاریزان هەڵگری ڤایرۆسەکەن، ئەوە و ڕینان لۆدی یاریزانی ئەتڵەتیکۆ مەدریدیش.

بابەتی زیاتر

Back to top button