ئەیمەن حوسێن زۆر تووڕەیە؛ ستەمێکی روون لە عێراق کرا
هێرشبەرەکەی عێراق نیگەرانە

یاریگا –
ئەیمەن حوسێن، ئەستێرەی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی بۆ سەرنەکەوتنی راستەوخۆی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ مۆندیالی 2026 دەربڕی، ئەمەش دوای یەکسانبوونیان بە سعوودیە لە قۆناخی سێیەمی پاشکۆ.
عێراق لە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی ئاسیا رووبەڕوو ئیمارات دەبێتەوە، بڕیارە یارییەکان لە مانگی داهاتوو بکرێن و دواتر لە مارس/ئاداری ساڵی داهاتوو، شەش هەڵبژاردەی پاشکۆی سەرجەم کیشوەرەکان دەکەن و تەنیا دوو هەڵبژاردە سەردەکەوێت.
بەر لە سەرکەوتنی قەتەڕ و سعوودیە، هەڵبژاردەکانی ئێران، ئوزباکستان، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئوردن و ئوسترالیا بلیتی مۆندیالی 2026یان بڕیبوو.
ئەیمەن حوسێن لە دوای یارییەکە بە نیگەرانییەوە روونیکردەوە؛
ئەمە تۆپی پێیە و داوای لێبووردن لە هاندەرانمان دەکەین، چونکە ئەمە خەونی نیشتمانێکە. وەکو یاریزان هەموو شتێکمان کرد، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و سیستمی گەیشتن بە مۆندیال زۆر سەیرە.
چۆن دەکرێ ئێمە دوو رۆژ پشوو بدەین و سعوودیەش شەش رۆژ، ئەمە ستەمێکی زۆر گەورەیە. پاشان لە نێو یاریگا و هاندەرانی ئەوان یاریمان کرد، بەڕاستی ئەمە پێوەری زۆر سەیرن.
لە کۆتاییدا ئەوەی لە تواناماندا بوو کردمان و یارییەکی گرنگ بەرامبەر ئیماڕات چاوەڕێمان دەکات.