Loading...
ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترین

تۆڕی وەرزشی یاریگا ناسنامەی راهێنەری نوێی دهۆک ئاشکرا دەکات

راهێنەری داهاتووی دهۆک شارەزاییەکی زۆری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هەیە

Yariga App

یاریگا –

یانه‌ی دهۆک له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، ناوی راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات و شوێنی سلێمان ره‌مه‌زان ده‌گرێته‌وه‌.

دوای چەندین هەفتە لە چاوەڕوانی و لێکدانەوەی جیاواز، سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار زانیارییەکی یەکلاییکەرەوەی بۆ تۆڕی وه‌رزشی یاریگا ئاشکرا کرد و پەردەی لەسەر ناسنامەی راهێنەری نوێی هه‌ڵۆكانی چیا لادا.

یاریگا زانیویەتی، ئەحمەد سەڵاح ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی عێراق، بە ڕێژەیەکی زۆر یەکلاییبووەتەوە و دەبێتە راهێنەری نوێی دهۆک. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی گرێبەستەکەی رابگەیەندرێت.

دوای رۆیشتنی سێرجیۆ فاریاسی به‌ڕازیلی، سلێمان رەمەزان بووه‌ راهێنه‌ری دهۆک، به‌ڵام بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە ناتوانێت به‌رده‌وام بێت و داوای لێبوردنی له‌ یانەکەی داسنیا كرد.

کارگێڕیی یانەی دهۆک گفتوگۆ و دانوستانێکی چڕی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی شایستە دەستپێکرد، تاوەکو یانەکە له‌ دۆخه‌ خراپ و ناجێگیرەکە‌ رزگار بكات. لەم ماوەیەدا، ناوی چەندین راهێنەری گەورەی وەکو عەبدولغەنی شەهد و تەنانەت باسی گەڕانەوەی مەسعود میرالیش کرا، کە ئەمەش گۆڕەپانی میدیایی و هاندەرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.

بەڵام بەپێی ئەو زانیارییە پشتڕاستکراوانەی کە تایبەت بە یاریگا گەیشتووە، کارگێڕیی یانەی دهۆک لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەحمەد سەڵاح گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، یانه‌كه‌ لاری نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح راهێنه‌ری لاوانی عێراقیش بێت و راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش بێت، هەڵبژاردنی سەڵاح بە لەبەرچاوگرتنی چەند هۆکارێک بووه‌.

  1. ئەزموونی لە خولی عێراق: سەڵاح شارەزاییەکی باشی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هەیە و پێشتر راهێنەرایەتیی یانەکانی وەک و شوڕته‌ و تەڵەبە و هه‌ولێری کردووە، ئەمەش وا دەکات بە خێرایی لەگەڵ کەشوهەوای رکابەرییەکاندا خۆی بگونجێنێت.
  2. کەسایەتیی بەهێز: وەک یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی نەوەی زێڕینی تۆپی پێی عێراق، خاوەنی کاریزما و کەسایەتییەکی بەهێزە و دەتوانێت کۆنترۆڵی ژووری جلگۆڕین بکات و ببێتە هاندەرێکی گەورە بۆ یاریزانەکان.
  3. تێڕوانینی نوێ: سەڵاح وەک راهێنەرێکی گەنج، خاوەنی بیرۆکەی نوێ و تاکتیکی مۆدێرنە و چاوەڕوان دەکرێت وزە و خوێنێکی نوێ بە جەستەی تیپەکەدا بگەڕێنێت.

سەرچاوەکەی یاریگا دووپاتیکردەوە، دانوستاندنەکان لە قۆناخی کۆتاییدان و تەنیا چەند وردەکارییەکی بچووکی گرێبەستەکە ماوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دوای گەیشتنی راهێنەرەکە بە شاری دهۆک، بە فەرمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بناسێندرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button