
یاریگا –
کوڕەکەی نێگریێرا لەبەردەم دادوەر هەموو شتێک لەبارەی پەیوەندییەکانی بارسێلۆنا لەگەڵ باوکی ئاشکرا دەکات و خوان لاپۆرتا بەدرۆدەخاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوول هەریەکە لە خافێر ئێنریکێز (کوڕی نێگریێرا)، ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی بارسێلۆنا لە نێوان 2010 بۆ 2014، ئۆسکار گراو، جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020 و ئانا پاولا، هاوسەری جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی تەکنیکی وەک تۆمەتباری دۆسیەی نێگریێا چوونە بەردەم داوەر و گوتەی خۆیان پێشکەشکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ئێسپانۆل، کوڕەکەی نێگریێرا لەبەردەم دادوەر ئاشکرایکردووە باوکی لەگەڵ بارسێلۆنا پەیوەندییەکی بەدرەوشتی هەبووە بەڵام ئەو پەیوەندی بەو گەندەڵییە نەبووە ئاگاداری هیچ شتێک نەبووە.

دۆسیەی نێگریێرا لە شوباتی 2023 سەریهەڵدا، تیایدا بارسێلۆنا بە گەندەڵی تۆمەتبار کرا بە پێدانی بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە ناوبژیوانی پێشوو خۆسێ نێگریرا لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2018، لە ماوەی کارکردنی وەک جێگری لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان.
بارسێلۆنا لهوبارهیهوه رایگهیاندووه کە نێگریرای وەک راوێژکاری دەرەکی له یانهكه دامەزراندووە بۆ ئەوەی راپۆرتی پەیوەندیدار بە ناوبژیوانی بۆ یانەکە پێشكهش بكات، لەکاتێکدا ناوبژیوانهكه رەتیدەکاتەوە هیچ بەرتیلێک و پارهیهكی وەرگرتبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوانی لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بهركاربهێنێت.

بەڵام خافێر ئێنریکێز، کوڕی نێگریێرا لەبەردەم دادوەر رەتیکردووەتەوە بارسێلۆنا بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆی تەنیا بۆ راپۆرتی یارییەکان پێشکەشی باوکی کردبێت. ئاماژەی بەوەش کردووە وەک خودی خۆی تەنیا 60 هەزار یۆرۆی وەرگرتووە، بەشێوەیەک بۆ هەر راپۆرتێک بڕی 7 هەزار یۆرۆی پێدراوە و دواتر بە بڕێکی کەم و بە 26 یۆرۆ بە رۆژنامەیەکی فرۆشتووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە ئەوان بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆریان تەنیا بۆ راپۆرتی یارییەکان پێشکەش بە نێگریێرا کردووە و هیچ گەندەڵییەکیان نەکردووە، بەڵام قسەکانی کوڕەکەی نێگریێرا پێچەوانەی قسەکانی لاپۆرتایە.
