
یاریگا –
هەرچەندە تەنیا یەک هەفتە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماوە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی روون لە یانەی نەورۆز بەدی ناکرێت.
دوای رووداوەکانی 22ی ئاب/ئۆگەستی رابردووی شاری سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆز، گومانێکی زۆر لەسەر داهاتووی یانەکە دروستبوو.
چەند رۆژێک بەر لە رووداوەکانی سلێمانی، یانەی نەورۆز گرێبەستی چەند ئەستێرەیەکی نوێکردەوە، هەروەها چەند یاریزانێکی بیانی گواستووەتەوە ریزەکانی، هیوایەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە لە وەرزی نوێدا هەبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی یانەی نەورۆز کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند؛
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی چارەنووسی نەورۆز و بەشداریکردنی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکرێت.
تاوەکو ئێستا نەورۆز هیچ سەرچاوەیەکی دارایی بۆ بەشداریکردن لە وەرزی نوێدا نییە.
سەرچاوە باڵاکە دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بڕیاری کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدەن و چارەنووسی یانەکەش بەنادیاری دەمێنێتەوە.
یانەی نەورۆز لە مێرکاتۆی هاوینەی یاریزاناندا، گرێبەستی لەگەڵ 15 یاریزانی نوێ واژۆکردووە و گرێبەستی شەش یاریزانیشی نوێکردەوە. نەورۆز گرێبەستی 17یشی نوێنەکردەوە.

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.
نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.