CV مامادۆ دیارا؛ هەموو شتێک لەسەر ئەستێرە نوێیەکەی هەولێر بزانە
ئەزموونی سێ خولی ئەوروپی ههیه

یاریگا –
یانەی هەولێر لە هەنگاوێکی گهوره بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی، گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری فەرەنسی، مامادۆ دیارا واژۆ کرد.
هاتنی ئەم یاریزانە کە خاوەنی ئەزموونێکی جۆراوجۆرە لە خولەکانی ئەوروپا، هیوایەکی نوێی بە هاندەرانی قەڵا و منارە بەخشیوە، یاریگا وردەکاریی ژیان و کاروانی وەرزشی ئەم یاریزانە ئاشكرا دهكات.
مامادۆ دیارا كێیه؟
مامادۆ دیارا له 20ـی كانوونی یهكهمی 1997 له داكار له سهنگیال له دایكبووه، لە تەمەنێکی منداڵییەوە چوونهته فەرەنسا لەوێ گەورە بووە و رەگەزنامەی فەرەنسی وەرگرتووە.
کاروانی وەرزشی و یانەکان:
مامادۆ دیارا بە درێژایی کاروانی وەرزشی، ئەزموونی لە چەندین خولی جیاوازی ئەوروپادا تاقیکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەند له هێلی بهرگری یاریی دهكات.
سهرهتا یاریزانهكه له فەرەنسا كاروانی یارییكردنی دهستپێكردووه، لە ئەکادیمیای یانەی بەناوبانگی فەرەنسی بۆردۆ بوو، دواتر پەیوەندی بە یانەی شاتۆرو کرد و لە خولی پلە دوو و پلە سێی فەرەنسا یاریی کرد، ئەزموونی یاریکردنی پیشەگەری دەستپێکرد.
لە ساڵی 2022، چووهتە خولی سلۆڤینیا و پەیوەندی بە یانەی ئێن کەی رادۆملیێ کرد، ئەمە یەکەم ئەزموونی یاریکردنی بوو لە دەرەوەی فەرەنسا.
دوای ئەزموونەی سلۆڤینییا، پەیوەندی بە خولی پلە یەکی بولگارییەوە کرد و بووە یاریزانی یانەی لۆکۆمۆتیڤ سۆفیا، ئەمە دوایین وێستگەی بوو پێش ئەوەی بێتە هەولێر.
لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی 2025، بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆ کرد بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی نوێی یانەکە لە وەرزی 2025-2026ی خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی ههولێر بپۆشێت.
ئامار و دەستکەوتەکان
بەهۆی ئەوەی دیارا بەرگریکارە، ئامارەکانی زیاتر لەسەر ئاستی بەرگری هەڵدەسەنگێندرێن.
ئهم یاریزانه خاوهنی چوار گۆڵه، تاوهكو ئێستا هیچ نازناوێکی گەورەی لەگەڵ یانەکانی بەدەست نەهێناوە، بهڵام چهند جارێك به باشترین یاریزانی یاریی دیاریكراوه.
شێوازی یاریکردن
دیارا هێزی جەستەیی و باڵایهكی بەرزی ههیه، لە تۆپە بەرزەکان و یاریزانێکی بهتوانایه، توانایەکی باشی لە ڕکابەری و ڕووبەڕووبوونەوەی یەک بە یەک ههیه.
زانیاری گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر
مامادۆ دیارا گرێستهكهی لهگهڵ ههولێر بۆیهك وهرزه و بەپێی بەهای بازاڕی یاریزانەکە لە ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت نزیکەی 250 هەزار دۆلاره.