ئیسپانیاگرنگترین

بۆچی ڤار له‌ یاریی بارسێلۆنا و رایۆ كاری نه‌كرد و چی روویدا؟

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات

Yariga App

یاریگا –

لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییکانۆ ڤار كاری نه‌كرد و ئه‌مه‌ش مشتومر و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.

له‌ گه‌ڕی سێیه‌می  خولی ئیسپانیا بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر رایۆ ڤاییكانۆ یاریی كرد و یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆلێك كۆتایی هات، کێشەیەکی گەورە لە سیستەمی ڤار روویدا، ئەمه‌ش بووە هۆی مشتومڕێکی زۆر، بەتایبەتی لەسەر لێدانێکی سزا کە بۆ بارسێلۆنا هەژمار کرا و نەتوانرا لە ڕێگەی ڤاره‌وه‌ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. ئەم رووداوە پرسیاری جددی لەسەر  متمانەپێکراوی سیستەمی ڤار لە لالیگادا دروست کرد.

وردەکاری رووداوەکە و هۆکاری لەکارکەوتنی ڤار

لە خولەکی 40ی یارییەکەدا، لامین یامال، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا، لە ناوچەی سزای رایۆ ڤاییکانۆ کەوتە خوارەوە دوای ئەوەی له‌گه‌ڵ پێپ چاڤاریا، بەرگریکاری رایۆ، بەریه‌كکەوتن، ناوبژیوان ماتێۆ بوسکوێتس لێدانی سزای بۆ بارسێلۆنا هەژمار کرد، لامین یامال بە سەرکەوتوویی لێدانە سزاکەی كرده‌ گۆڵ، بەڵام ئەم بڕیارە بە خێرایی بووە جێگەی مشتومڕێکی گەورە.

هۆکاری سەرەکی لەکارکەوتنی سیستەمی ڤار کێشەیەکی تەکنیکی بوو لە پەیوەندی نێوان یاریگای ڤاییکاس و ناوەندی ڤار لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا  لە لاس رۆزاس.

کۆمپانیای میدیاپرۆ کە بەڕێوەبەری ڤاره‌ لە لالیگا، دوای یارییەکە پشتڕاستی کردەوە کە کێشەیەکی تەکنیکی هه‌بووه‌، کە هۆکارەکانی نەتوانرا دیاری بکرێن، ئه‌مه‌ش رێگری کردووە لە کارکردنی دروستی ڤار لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا.

كۆمپانیاكه‌ ئاماژەی به‌وه‌كردووه‌، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمه‌ تەکنیکییەکان، نەتوانرا له‌ گێمی یه‌كه‌م خزمەتگوزارییەکە بە دروستی بگەڕێنرێتەوە، بەڵام لە گێمی دووەمدا دووبارە کارا کرایەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی کاری کرد.

هەردوو تیپ پێش دەستپێکردنی یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانەوە ئاگادار کرابوونەوە كه‌ كێشه‌ له‌ سیسته‌می ڤار هه‌یه‌، ئەمەش ناره‌زایه‌تی لێكه‌وته‌وه‌.

کاردانەوەکان: قسەی یاریزانان، راهێنەران و فیدراسیۆن

کاردانەوەی رایۆ ڤاییکانۆ

یاریزانان و هاندەرانی رایۆ ڤاییکانۆ بە توندی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەکەی ناوبژیوان و لەکارکەوتنی ڤار دەربڕی .

گۆڵپارێزی رایۆ، ئۆگۆستۆ باتالا، و یاریزان ئۆسکار ترێگۆ بەهۆی ناڕەزایەتییەکانیانەوە کارتی زەردیان وەرگرت، راهێنەری رایۆ، ئینیگۆ پێرێز، دوای یارییەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دازن، بێزاری خۆی دەربڕی و گوتی،

شەرم دەکەم لە کاردانەوەکەم لەسەر هێڵی یاریگا دوای لێدانی سزاكه‌، ئەمە دەرئەنجامی بێزاری بوو، ناوبژیوانان هەڵە دەکەن  ئەمە ئاساییە، ئەوەی بێزارم دەکات ئەوەیە کە ئەمڕۆ یاریزانان پێنج خولەک بە ڤار و پێنج خولەک بێ ڤار یارییان ده‌كرد.


راهێنه‌ركه‌ گوتی،

پێویستە پرۆتۆکۆلێکی باشتر بۆ ئەم جۆرە دۆخانە هەبێت و ئەگەر ڤار کار نەکات، پێویستە یارییەکە رابگیرێت تاوەکو چاک دەبێتەوە، ئەمە وێنەیەکی باش نییە بۆ خولەکەمان، ئەگەر ڤار کار نەکات، دەبێت یارییەکە رابگرین تاوەکو چاک دەبێتەوە.

یاریزانی رایۆ، ئیسی یاریزانی رایۆ ڤاییكانۆ گوتی،كه‌ ناوبژیوان ماتێۆ بوسکوێتس فێرێر پێی گوتووم، کە لە بڕیاردانی لێدانە سزاکەدا هەڵەی کردووە.

 کاتێک بڕیار له‌ لێدانێکی سزا دەدرێت کە لێدانی سزا نییە، ئه‌م بڕیاره‌ تووڕەت دەکات، ناوبژیوان پێی گوتم کە دانی بەوەدا ناوە هەڵەی کردووە، بۆیە ڕێزی لێدەگرم، بەبێ ڤار بۆ ناوبژیوانی زۆر قورسە، بۆیە بێدەنگ دەبم، ئەمە جێگەی ڕێزە کە وەک کەسێک دانی بە هەڵەکەی خۆیدا ناوە.

کاردانەوەی بارسێلۆنا

هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڤار دەبوو کار بکات، نازانم چی روویداوە ڤار بۆ هیچ لایەکیان نەبوو، ئەمە ئەرکی من نییە.

کاردانەوەی لێژنه‌ی ناوبژیوانان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دوای یارییەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و کێشەکەی ڤاری پشتڕاست کردەوە لە بەیاننامەکەدا هاتووە،

 نه‌مانتوانیوه‌ هۆکاری کێشە تەکنیکییەکە دیاری بکەن، ئەمەش كێشه‌كه‌ی ئیمه‌ی گه‌وره‌تر كرد، به‌ڵام نه‌ده‌بوو یارییه‌كه‌ دوابخرێت.

میدیاكان چۆن باسی له‌كاركه‌وتنی ڤاریان كرد.

زۆربەی میدیا جیهانییەکان، وەک رۆیتەرز، نیویۆرک تایمز ئاتلتێك، ئه‌ی ئێس پی ئێن، بە وردی باسی کێشەکەی ڤار و مشتومڕەکەیان کردووە، به‌شێوه‌ی جیاواز باسی رووده‌وه‌كه‌یان كردووه‌.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ئەم ڕووداوە پرسیار لەسەر متمانەپێکراوی سیستەمی ڤار دروست کردووە، بەتایبەتی کاتێک کێشەی تەکنیکی روودەدات.

میدیاكان كۆبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەم رووداوە وێنەیەکی نەرێنی لەسەر لالیگا دروست کردووە و پرسیاری لەسەر ئامادەیی خولەکە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دروست کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button