ریال مەدرید بۆ نیکۆ پاز؛ ئەمە بەڵێنی ئێمەیە بۆت
سەرۆکی کۆمۆ نهێنییە گەورەکە ئاشکرا دەکات..

یاریگا –
ریال مەدرید بەڵێنێک بە نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی ئەرجەنتینی دەدات و دڵخۆشی دەکات.
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بەڵێنی بە نیکۆ پاز داوە لە هاوینی 2026 بیگەڕێننەوە سانتیاگۆ بێنابیۆ و بە یەکجاری دەستبەرداری نابن، دەیانەوێت نیکۆ ئەم وەرزەش لە کۆمۆ یاریی بکات و گەشەی تەواو بکات، لە هاوینی داهاتووش دەیگەڕێننەوە مەدرید.
دووشەممەی رابردوو تۆتنهام ئۆفەرێکی بە بەهای 70 ملیۆن پێشکەش بە کۆمۆ کرد، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە ئۆفەرەکەی رەتکردەوە و ئامادە نین دەستبەرداری پاز ببن.
میروان سوارسۆ، سەرۆکی کۆمۆ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتە دێلۆ سپۆرت ئاشکرایکردووە، نیکۆ پاز خەون بە گەڕانەوە بۆ مەدرید دەبینێت.
نیکۆ پاز لە مەدرید گەورە بووە خەون بە گەڕانەوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبینێت، لەم هاوینە زۆر دەترساین ریال مەدرید بیگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
📰 ¡Ya está aquí la #PortadAS del miércoles, 27 de agosto!
🌟 NICO PAZ: El Madrid le espera pic.twitter.com/RJq7Rr2nqj
— Diario AS (@diarioas) August 26, 2025
نیکۆ لە هاوینی 2024 بەبڕی شەش ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە کۆمۆ کرد، بەگوێرەی مەرجێکی گرێبەستەکە یانە ئیسپانییەکە دەیتوانی لەم هاوینە بە هەشت ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام مەرجەکەی چالاک نەکرد.
بەڵام هێشتا یاریزانەکە هیوای گەڕانەوەی بۆ مەدرید ماوە، ریال مەدرید دەتوانێت لە هاوینی 2026 بەبڕی 9 ملیۆن یۆرۆ بیگەڕێنێتەوە، ئەگەر لە 2026ـیش بڕیاری گەڕانەوەی نەدەن هێشتا کۆتا هیوا دەمێنێت و دەتوانن لە 2027 بە هەمان نرخ بیگەڕێننەوە، بەڵام مەدرید دەبێت قەرەبووی یانە ئیتاڵییەکە بکاتەوە.
نیکۆ پاز ئۆفەرێکی گەورەی تۆتنهامی رەتکردەوە و خەون بە گەڕانەوە بۆ مەدرید دەبینێت