گرنگترینوه‌رزشه‌کانی دیکەیاریگا

ئەو پاڵەوانە مێژووییەی کەس نەیناسێت

یاریگا-رەنگە مێژوو پڕ بێت لە سەدان کەسایەتی  ئەفسانەیی کە وەک پێویست گرنگیان پێنەدرێت و بیربچنەوە. یەکێک لەو ئەفسانانە شەڤارەش کاراپیتیانی ئەرمینییە.

شەڤارەش مەلەزانێکی ناوداری سالانی ١٩٧٠ کان بوو،  لە ساڵی ١٩٧٦ لە نزیک دەریاچەی یەریڤان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو سەرقاڵی وەرزش کردن بوو کاتێک پاسێک لەبەردەمیدا ئاڕاستەی دەگۆڕێت و دەکەوێتە ناو دەریاچەکە (وەک لە وێنەکەدا دیارە).

لە کاتێکدا بەر لە رووداوەکە ٢٠ کیلۆمەتر رایکردبوو، راستەوخۆ کە پاسەکە دەبینێت خۆی فڕێدەداتە ناو ئاوەکە. سەرەڕای ئەوەی دەریاچەکە ١٠ مەتر قوڵ بوو، وە راستەوخۆ دوای رووداوەکە ئاوەکە شێوا و هیچ دیارنەبوو وە سەرمایەکی زۆر،  شەڤارەش توانی بە قاچ جامی دوواوەوەی پاسەکە بشکێنێت و ژمارەیەکی زۆری سەرنشینان دەربهێنێت بۆ ووشکانی.  لە کۆی ٩٦ سەرنشین ناوبراو توانی ٢٠یان لە مردن رزگاربکات و ژمارەیەکی دیکەش دەربهێنێت.

ئەم کارەی بە جۆرێک ماندوو و نەخۆشی خست کە  شەش مانگ لە بێ هۆشیدابوو، سەرەنجام بەهۆی دروستبوونی کێشە لە سییەکانیدا هەرگیز نەیتوانی بگەڕێتەوە کێبڕکێکان دواتر ئاشکرابوو کە ئاوی زێراب تێکەڵی ئاوی دەریاچەکە بووە و ئەوە پاڵەوانەکەی نەخۆشخستووە.. کاراپاتیان بەر لەو رووداوە  ١١ ریکۆردی جیهانی مەلەی ژێر ئاوی شکاندبوو، ١٧ جار بووە پاڵەوانی جیهان و ١٣ جاریش پاڵەوانی ئەورووپا.

ئەوەی تا ساڵانێکی زۆر  بووبووە مۆتەکەی ئەو ئەفسانەیە ئەوەبوو لە یەکێک لە هەوڵەکانیدا بەهۆی ناروونی ژێر ئاوەکە ، کورسییەکی پاسەکەی لەبری مرۆڤێک دەرهێنابوو، ئەمەش خەوی لێ بڕیبوو چونکە دەیگوت ناتوانم بیر لەوە نەکەمەوە کە دەکرا لەبری ئەوە کەسێکی دیکەم رزگاربکردایە.

حکومەتی ئەوسای یەکێتی سۆڤییەت وێنە و زانیارییەکانی شاردەوە تا دوو ساڵ دوای ئەوە بڵاوکراونەوە. لەوکاتەدا شەڤارەش ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێدرا.

چیرۆکی ئەم پیاوە مێژووییە لێرە کۆتایی نەهات و لە ساڵی ١٩٨٥ لە نزیک ماڵێک بوو کە ئاگری تێبەربوو وە کۆمەڵێک کەس لە ژوورەوە  گیریان خوارد. بێ بیرکردنەوە شەڤارەش چووە ژوورەوە و توانی رزگاریان بکات. بەڵام بە خراپی سوتا و ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە.

ناوبانگەکەی مەلەزانە ئەفسانەییەکە لە وڵاتانی ئەرمینیا و رووسیا و دەوروبەریان زۆر تەشەنەی نەسەند و هێشتا زۆرن ئەوانەی کە ئاگاداری کارە مەزنەکەی شەڤارەت  کاراپیتیان نین. ناوبراو لە ژیاندا ماوە و  ئێستا تەمەنی ٦٦ ساڵە و لە مۆسکۆ دەژی.

بابەتی زیاتر

Back to top button