نیوکاسڵ بەرپرسێکی هەواڵگری وەرزشی دەکاتە بەڕێوەبەر
پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئێدی هاو دەبێت

یاریگا –
نیوکاسڵ یونایتد گرێبەستی لەگەڵ سودارشا گۆپالادێسیکان، بەڕێوەبەری هەواڵگری تۆپی پێی ئاتاڵانتا واژۆکردووە و دەبێتە بەڕێوەبەری تەکنیکی نوێی یانەکە.
گۆپالادێسیکان دەبێتە شوێنگرەوەی پۆڵ میچێل، بەڕێوەبەری وەرزشی ماگپایس، کە مانگی رابردوو دەستبەرداری پۆستەکەی بوو. بەڕێوەبەرە نوێیەکە دەبێتە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئێدی هاو و ستافی راهێنەرایەتی نیوکاسڵ دەکات.
جیا لە کارکردن لەگەڵ ستافی راهێنەرایەتی، گۆپالادێسیکان کار لەگەڵ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی ماگپایس دەکات، لەسەر ئاستی ئەکادیمیا و تیمی خانمانیش دەستوەردانی دەبێت.
گۆپالادێسیکان لە ساڵی 2022 لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە ئاتاڵانتا کرد و لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە وەکو بەڕێوەبەری زانستی زانیاری وەرزشی کارییکردووە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، گۆپالادێسیکان بەرپرسی یەکەمی گواستنەوەی راسموس هۆیلوند لە یانەی ستروم گراز بوو بە بڕی تەنیا 17 ملیۆن یۆرۆ، دواتر لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بوون.