
یاریگا –
جواو نێڤێس، ناوەڕاستکاری پاریس سانجێرمان، ناتوانێت بەشداری یاریی جامی سوپەری ئەورپا بەرامبەر تۆتنهام بکات.
لەو کاتەوەی فیکەی کۆتایی لە یاری کۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا لێدرا، هەموو چاوەکان لەسەر ناکۆکی لویس ئێنریکێ لەگەڵ جواو پێدروی یاریزانی چێڵسی بوو، جیهانی تۆپی پێش چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت ئایا ئەم هەڵسوکەوتە لێکەوتەی جیددی بۆ ئێنریکی دەبێت یان نا.
بەڵام پاریس سانجێرمان رووبەڕووی کێشەیەکی دیکەش دەبێتەوە. لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا جواو نێڤێس بۆ ساتێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و قژی مارک کوکورێیای راکێشا. عەلیرەزا فەغانی ناوبژیوانیش دوای سەیرکردنەوەی دیمەنەکە لە ڤار کارتە زەردەکەی کشاندەوە و بە کارتی سووری راستەوخۆ یاریزانەکەی کردە دەرەوە.
Joao Neves 🦁 pic.twitter.com/yp8uguN03a
— Basti (@B04Bastii) July 13, 2025
رۆژنامەی (لۆ پاریسیان)ی فەرەنسی بانگەشەی ئەوە دەکات، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی لویس ئێنریکێ زیاتر دەخایەنێت، بەڵام ئەمڕۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا پێداچوونەوەی بە دۆسیەی نێڤێسدا کردووە و لە جامی سوپەری ئەوروپا لە نێوان پاریس سان جێرمان و تۆتنهام بێبەش دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە یاساکانی فیفا باس لەوە دەکەن کە سڕکردنی کارتی سوور تەنیا لە پاڵەوانێتییەکدا جێبەجێ دەکرێت و ناتوانرێت درێژ بکرێتەوە بۆ پاڵەوانێتییەکی تر. بەڵام لۆ پاریسیان دەڵێت ئەم یاسایە تەنیا کارتی سوور دەگرێتەوە و فیفا دەتوانێت سزای یاریزان یان راهێنەر درێژ بکاتەوە بۆ پاڵەوانێتییەکانی تر ئەگەر کارەکانی یاریزان یان راهێنەر بە رەفتارێکی ناوەرزشی بزانرێت.