یانەیەکی گەورەی هۆڵەندا دەیەوێت یاریزانێکی لاوی کورد بباتە ریزەکانی
یانە ئەوروپییەکان چاویان لەسەر کوڕە کوردێکە

یاریگا –
یانەی هێرینڤینی هۆڵەندی دەیەوێت مارکۆ فەرەج یاریزانی لاوی کورد لە خولی نەرویجییەوە بباتە ریزەکانی، بەڵام یانەکەی ئامادە نییە دەستبەرداری بێت.
ماڵپەڕی Nettavisenـی هۆڵەندی ئاشکرایکردووە، یانەی هێرینڤینی هۆڵەندی ئۆفەرێکی بە بڕی 10 ملیۆن کرۆن (1 ملیۆن دۆلار) پێشکەشی یانەی سترۆمگۆدسێتی نەرویجی کردووە بۆ ئەوەی مارکۆ فەرەج هێرشبەری لاوی یانەکە بباتە ریزەکانی، بەڵام یانە نەرویجییەکە رەتیکردووەتەوە.
Heerenveen har lagt inn bud på i overkant av 10 mill. kr på Marko Farji (21). Strømsgodset har avslått og krever mer for å vurdere et salg av en av sine viktigste spillere i sommer. https://t.co/UX7CIv7OfX
— Stian André de Wahl (@StianWahl) July 1, 2025
ماڵپەڕە هۆڵەندییەکە ئاشکرایکردووە، گەرچی یانەی سترۆمسگۆدسێت ئامادە نییە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری هێرشبەرە کوردەکەی یانەکەی بێت، بەڵام هێرینڤین لەسەر بابەتی گواستنەوەی هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی عێراق جددییە و دەیەوێت هەرچۆنێک بێت بیگوازێتەوە ریزەکانیکە چەندان یانەی دیکەی وڵاتانی ئەوروپا چاویان لەسەر ئەو یاریزانە لاوە کوردەیە.
پێشتر رۆژنامەی دەیلی ریکۆردی سکۆتلەندیش ئاشرایکردبوو، یانەکانی ئەبەردین و هارتسی سکۆتلاندی دەیانەوێت مارکۆ فەرەج یاریزانی لاوی کورد لە سترۆمسگۆدسێتی نەرویجییەوە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە ئەو یاریزانە 21 ساڵانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە نەرویجییەکە هەیە.
مارکۆ فەرەج لە دوایین دوو یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی کرد، لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 لە یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور 3 خولەک یاریی کرد و لە یاریی بەرامبەر ئوردن سەرەکی بوو 69 خولەک یاریی کرد، کە لە یارییەکەی ئوردن ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد.
مارکۆ فەرەج لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 13 یاری 7 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو کوڕە کوردە 2.2 ملیۆن یۆرۆیە.
مارکۆ فەرەج کێیە؟
مارکۆ لاوک فەرەج لە 16ـی مارس/ئاداری 2004 لە گریمشتادت لە نەرویج لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووە و بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانین، لە ریزی یانەی یێرڤی نەرویجی دەستی بە یاریی کردووە و چوار ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەوریجی کرد کە لە خولی نایابی نەرویجی یاریی دەکات، ئەو کوڕە کوردە لە باڵەکان و ناوەڕاست یاریی دەکات.
مارکۆ دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دایک و باوکی بۆ تەواوکردنی بەڵگەنامە یاساییەکانی بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زمانی کوردی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت.
کوڕە 20 ساڵانەکە دەڵێت :’زۆر بە باشی دەزانم بە زمانی کوردی قسە بکەم، بەڵام بەداخەوە زمانی عەرەبیم باش نییە، من چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە، سلێمانی و هەولێر دوو شاری خۆش و سەرنجڕاکێشن’.
دەشڵێت :’من هاندەری ریال مەدرید و پۆرتوگاڵم، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نموونەی باڵای منە و زۆر بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەرسامم و دەمەوێت شوێنپێی ئەو هەڵبگرم’.