دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ هاندەرێکی پاریس سانجێرمان بە چەقۆ کوژرا

یاریگا –
دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بەهۆی پشێوی و شەڕی هاندەران، لە فەڕەنسا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 559 کەسیش دەستگیرکران.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، دەیان هەزار هاندەری پاریس سانجێرمان لە پایتەخت و شارە جیاوازەکان رژانە سەر شەقامەکان، بەهۆی پشێوی و ئاڵۆزییەکانەوە هاندەرێکی 17 ساڵانی پاریس سانجێرمان بە چەقۆ کوژراوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
پۆلیسی فەڕەنسا ئاشکرایکردووە، درەنگانی شەوی رابردوو گەنجێکی 17 ساڵان لە شاری داکس لە هەرێمی لاند بە چەقۆ کوژراوە، دواتریش لە شەقامێکی پاریس پیاوێکی دیکە گیانی لەدەست دا، کە لەکاتی لێخوڕینی مۆتۆڕ، ئۆتۆمبێڵێک خۆی لێی دا و یەکسەر گیانی لەدەست دا، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە ئەو رووداوە پەیوەندی بە ئاهەنگگێڕانی هاندەرانی پاریسەوە هەبووە یاخود نا.
لە رووداوێکی دیکە لە باشووری رۆژهەڵاتی فەڕەنسا لە گرۆنۆبڵ، کەسێک بە ئۆتۆمبێڵەوە خۆی بەناو ئاپۆڕای هاندەرانی پاریس سانجێرماندا کردووە و بەوهۆیەوە چوار هاندەر بریندار بوون، کە دووانیان تەندروستیان ناجێگیرە.
دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان بۆیەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، دەیان هەزار هاندەری فەڕەنسی رژانە سەر شەقامەکان و تاوەکو بەرەبەیان بەیەکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.