لە وەرزە خراپەکەی ریال مەدرید کۆرتوا کێبڕکێ لەسەر خەڵاتێکی گرنگ دەکات

یاریگا –
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی ریال مەدرید،لە هەفتەکانی کۆتایی خولی ئیسپانیا کێبڕکێی خەڵاتی زامۆرا دەکات کە دەبەخشرێتە ئەو گۆڵپارێزەی کەمترین گۆڵی لێ تۆمارکراوە.
پێنج هەفتە بۆ کۆتایی هاتنی وەرزی 2024-2025 ماوە، کۆرتوای تەمەن 32 ساڵ، چانسی بەهێزی هەیە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بۆ چوارەم جار لە ژیانی وەرزشیدا. رکابەرە سەرەکییەکانی بریتین لە یان ئۆبلاک لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و دەیڤد سۆریا لە خیتافی.
کۆرتوا بە یاریی کردن بەرامبەر سێلتاڤیگۆ 28ـمین یاریی خۆی لەم وەرزە بە تێکڕای 60 خولەک لە هەر یارییەکدا دەتوانێت کێبڕکێی ئەم خەڵاتە بکات. تا ئێستا لە 27 یاری لالیگادا تەنیا 22 گۆڵی لێکراوە، بە تێکڕا 0.81 گۆڵ لە هەر یارییەکدا. ئەم ئامارە باشترین ئاستە لەنێوان گۆڵپارێزانی لالیگا. ئۆبلاک لەدوای خۆیەوە نزیکە و لە 32 یاریدا 27 گۆڵی لێکراوە (تێکڕا 0.84) و سۆریاش بە 30 گۆڵ لە 33 یاریدا (تێکڕای 0.91 گۆڵ). ئۆبلاک کە بەدوای شەشەم زامۆرای خۆیدا دەگەڕێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، بەڵام کۆرتوا بۆ ئێستا پێشەنگە.

ئەم وەرزە بۆ کۆرتوا و ریال مەدرید ئاسان نەبووە. ژمارەیەکی زۆر پێکان، لەوانە کۆرتوا لە 13 یاریدا بەشداری نەکردووە (6 لە لالیگا)، هەروەها پێکانەکانی بەرگریکاران کاریگەرییان لەسەر ئاستی بەرگری تیپەکە هەبووە. ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە کۆی 57 یاریدا 69 گۆڵی لێکراوە (تێکڕا 1.21 گۆڵ). بەڵام کۆرتوا لە لالیگادا ئاستێکی نایابی هەیە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 11جار تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە. لە دوایین سێ یاریدا بەرامبەر ئالاڤێس و ئەتلەتیک بلباو و خیتافی هیچ گۆڵێکی لێ نەکراوە. لەنێویاندا دوو کاردانەوەی ناوازە بەرامبەر خیتافی. لە دوای گۆڵەکەی فۆیت لە ڤیاریال کۆرتوا بۆ ماوەی 353 خولەکە گۆڵەکەی بە خاوێنی پاراستووە.
پێشتر لە وەرزی 2012-2013 و 2013-2014 لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید نازناوی زامۆرا و لە وەرزی 2019-20 لەگەڵ ریال مەدرید خەڵاتەکەی بەدەستهێنا. وەرزی 2019-20 یەکێک بوو لە باشترین ساڵەکانی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە، لە 34 یاریدا تەنیا 20 گۆڵی لێکرابوو، کە تێکڕای 0.59 گۆڵە. ئێستا کۆرتوا و ریال مەدرید هیوادارن سەرکەوتنەکانی رابردوو دووبارە بکەنەوە، هەم بۆ بردنەوەی زامۆرا و هەم بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی پاڵەوانێتی لالیگا، کە دووەمیان زۆر ئاڵۆز و قورس دەردەکەوێت.