یەک گۆڵپارێز لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان کلین شیتی کردووە
هیچ کارتێکی سوور بەرز نەکراوەتەوە

یاریگا –
لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان، لە 12 گۆڵپارێز تەنها یەک گۆڵپارێز کلین شیتی کردووە و هیچ کارتێکی سووریش بەرزنەکراوەتەوە.
لە کۆی شەش یاریی لە گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان 22 گۆڵ تۆمار کراوە، نۆ گۆڵ لە گێمی یەکەم و 13 گۆڵیش لە گێمی دووەم کراوە، خێراترین گۆڵی گەڕەکەش محەمەد تەها یاریزانی شێروانە لە خولەکی 9ـی یارییەکە بەرامبەر چوارقوڕنە تۆماریکرد.
لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان لە کۆی 12 گۆڵپارێز تەنها بارق عەبدولڕەزاق لە برایەتی بەرامبەر پیشەسازی کلین شیتی کرد و یارییەکەشیان 3 _ 0 بردەوە، گەورەترین ئەنجامی ئەم گەڕەش شێروانە تۆماریکرد کاتێک 5 _ 2 لە چوارقوڕنەی بردەوە.
لە تەواوی گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان 26 کارتی زەرد بەرزکراوتەوە و هیچ کارتێکی سووریش لەلایەن ناوبژیوانانەوە نەدراوە، شەقڵاوە و هەندرێن وێڕای شکستیان لە گەڕی رابردوو یاریی خاوێنیان کردووە و کارتی زەردیان وەرنەگرتووە.