گفتوگۆی ژووری ڤار سەبارەت بە کارتە سوورەکەی ئێمباپێ بڵاوکرایەوە

یاریگا –
بڵاوکراوەکەی گفتوگۆی ناوبژیوانان لە کاتی یارییەکەی ئالاڤێس بەرامبەر ریال مەدرید دەریدەخات کە سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یارییەکە پێویستی بە کاتێکی زۆر نەبووە تاوەکوو کیلیان ئێمباپێ بە کارتی سووری راستەوخۆ بکاتە دەرەوەی یاریگا.
تۆماری دەنگی و گفتوگۆی ژووری ڤار لەگەڵ ناوبژیوانی ناوەڕاست لە کاتی یاریی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس و ریال مەدرید لە کاتی فاولەکەی ئێمباپێ لە خولەکی 37 لەسەر ئانتۆنیۆ بلانکۆ لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانی تۆپی پێی ئیسپانیاوە بڵاو کرایەوە.
سۆتۆ گرادۆ سەرەتا بڕیاری لەسەر هەژمارکردنی فاول نەدا، بەڵام گیل مانزانۆ کە لە ژووری ڤاردا بوو، دەستبەجێ هۆشداریی پێدا و گوتی:
سێزار، سێزار، پێشنیار دەکەم بگەڕێتەوە و سەیری گرتە ڤیدیۆکە بکەی بۆ ئەم دیمەنە، بەهۆی ئەگەری کارتی سوورەوە.
دوای گەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ سەیرکردنی دیمەنەکە گرژی و ململانێ لەسەر کورسی یەدەگی هەردوو یانە دەستی پێکرد،
ناوبژیوان گوتی:
بەرکەوتنەکە قورسە، سەختە، پێی پێچ بووەتەوە، ئەمە کارتی سوورە. “کارتی زەرد دەگۆڕم و کارتی سوور بە کیلیان ئێمباپێ دەدەم”.
🗣 AUDIO REVISIÓN VAR
🗓 Jornada 31 | Primera División
⚽ @Alaves 🆚 @realmadrid | 38’#ArbitrajeRFEF | @CTARFEF pic.twitter.com/0XJwcLXOzc
— RFEF (@rfef) April 13, 2025
لە کۆتاییدا ناوبژیوانی یارییەکە بە خێرایی پێداچوونەوەی بە دیمەنەکەدا کرد و بە زووترین کات بڕیارەکەی گۆڕی و ئەستێرەی ریال مەدریدی کردە دەرەوەی یاریگا.
زۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە سڕکردنی ئێمباپێ بۆ دوو یان سێ یاری دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توندوتیژیەی لە دیمەنەکەدا دەرکەوتووە، بەڵام لێژنەی تەمبێکاری یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر سزای ئەستێرە فەڕەنسییەکە دەدات.