
یاریگا –
هوگۆ لۆریس، گۆڵپارێزی پێشووی فەڕەنسا هەموو جۆرە بەراوردکارییەک لە نێوان لیۆنێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ رەتدەکاتەوە.
مێسی خاوەن هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر پێشتر لە پاریس سانجێرمان یاریی لەگەڵ ئێمباپێ کردووە، هەروەها لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 سەرکردایەتی ئەرجەنتینی کرد و لە فەڕەنسای بردەوە.
ئێمباپێ ئێستا لە ریال مەدرید ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، تاوەکو ئێستا لە یەکەم وەرزیدا 33 گۆڵی کردووە و چاوی لە بردنەوەی باڵۆن دۆرە.
لۆریس لەبارەی بەراوردکاری نێوان ئێمباپێ و مێسی بە رۆژنامەی La Nacionی گوتووە
ئێمباپێ هاوشێوەی مێسییە؟ نەخێر، مێسی یاریزانێکی ناوازەیە و زۆر مەحاڵە هیچ یاریزانێکی پێبەراورد بکرێت.
ئەرجەنتین بەبێ مێسی لە مۆندیالی داهاتوو نابینم. پێم وایە مێسی سەرکردایەتییان دەکات، چونکە تاوەکو ئێستا یارییەکی باش دەکات، هەرچەندە ئەمە بڕیاری خۆیەتی، بەڵام پێم وایە دەتوانێت بەردەوام بێت و من زۆر بە مێسی سەرسامم. بەلای منەوە باشترین یاریزانی مێژووە و دڵخۆشم لەو نەوەیە بووم کە بەرامبەر مێسی یاریم کرد.
لۆریس ئێستا گۆڵپارێزی یانەی لۆس ئانجلێسی ئەمریکییە و سبەی چوارشەممە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی کۆنکاکاف، رووبەڕووی مێسی دەبێتەوە.