ئه‌مریکاگرنگترین

ئێندریک بۆ رۆماریۆ: زۆر دەترسم دەردی تۆم بەسەربێت

Yariga App

یاریگا –

ئێندریک فێلیپێی بەرازیلی و یاریزانی یانەی ریال مەدرید ترسە گەورەکەی خۆی خستەڕوو.

ئێندریک کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2026، بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبێت بەهۆی کەمی یاریکردنیەوە لە یانەکەی. بانگهێشتکردنەوەشی بۆ ریزەکانی سامبا دوای دوورکەوتنەی نێیمار دا سیلڤا هات.

لە نویترین چاوپێکەوتنیدا کە لەگەڵ رۆماریۆ ئەفسانەی وڵاتەکەی ئەنجامی داوە، ئێندریک نیگەرانییەکانی خۆی خستەڕوو بەوەی ترسی هەیە کەمیی یاریکردنی لە ریال کار بکاتە سەر دوورخرانەوەی لە مۆندیالی داهاتوو. واتا هەمان ئەو ئەزموونەی بەسەر رۆماریۆدا هات. یاریزانە لاوەکە وتی

تۆش بەم ئەزموونەدا رۆشتووی. باوکم بۆی باسکردووم کە تۆ چەند هیواخواز بوویت بۆ مۆندیالی 1998 بەڵام بانگهێشت نەکرایت. بۆیە منیش ئەم ترسەم هەیە. جامی جیهانی بۆ منیش خەونێکە. زۆر زەحمەتە بیری کاتێ بیری لێدەکەمەوە. من دەمەوێ لەگەڵ بەڕازیل بم و یارمەتیدەربم بۆ بردنەوەی نازناوی شەشەم.

لە درێژەی قسەکانیدا هێرشبەرەکەی مەدرید باسی لە قورسی بارودۆخەکە کرد لەگەڵ یانەکەی بە هەبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە سوپەرستار و وتی

بێگومان زۆر زەحمەتە. تۆ لە گەورەترین یانەی جیهان بیت و گەورەترین یاریزانەکانی ئێستای تۆپی پێی لەوێ بن، دەرفەتی یاریکردنت نابێت. بەڵام هەرکاتێکیش یاریی دەکەم، دەمەوێ شتێک لە توانای راستەقینەی خۆم پیشان بدەم تا بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانیی بانگ بکرێم. بۆیە هیوادارم ساڵی داهاتوو لەگەڵ بەڕازیل بم بۆ مۆندیالەکە. ئەگەر خودایش ویستی لەسەربێت، نازناوەکە ببەینەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید ئێندریکی لە پلانەکانیدا پەڕاوێزخستووە. بەجۆرێک بە درێژایی ئەم وەرزە لە 28 یارییدا بەشداریپێکردووە. سەرجەم خولەکەکانی یاریکردنی 496ی تێنەپەراندووە. ئەوەش واتا کەمتر لە 18  خولەک بۆ هەر یارییەک.

بۆ زانین، لەوەتەی یەکەم یارییکردنیەوە بۆ سامبا لە نۆڤەمبەری ساڵی 2023، ئەو یاریزانە 13 جار بەشداریپیکراوە و خاوەنی سێ گۆڵە بە درێسی هەڵبژاردەکەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button