
یاریگا –
پێدەچێت کاروانی تیاگۆ مۆتا لەگەڵ یوڤێنتوس لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوببێت.
دەنگۆی زۆر لەسەر شوێنگرەوەی مۆتا لە یوڤێنتوس بڵاودەکرێنەوە و لەوانەیە راهێنەرێکی ئیتاڵی ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆ. یوڤێنتوس چاوەڕێی ئەنجامی یاریی داهاتوو بەرامبەر جێنوا دەکات، دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر مۆتا دەدات.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆ دووپاتیدەکاتەوە، ئیگۆ تودۆر، راهێنەری پێشووی لازیۆ لەگەڵ یوڤێنتوس رێککەوتووە و تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 راهێنەرایەتی بیانکۆنێری دەکات.
هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی یوڤێنتوس بە زینەدین زیدان بەسترابووەوە، بەڵام پێدەچێت تودۆر نزیکترین بژاردەبێت، ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆ.
یوڤێنتوس دوو یاریی لەسەریەک بەرامبەر ئاتالانتا و فیۆرێنتینا دۆڕاند و کۆی دۆڕانەکانی ئەم وەرزەی لە سێریای بۆ سێ یاریی بەرزکردەوە. بیانکۆنێری زۆرترین یەکسانبوونی لەم وەرزەدا هەیە و لە کۆی 29 یاریی 13 جار یەکسانبووە.
یوڤێ لەگەڵ مۆتا لە چامپیۆنزلیگ و جامی ئیتاڵیا دوورخرایەوە و لە سێریا ئەی خەریکە لە چوار پلەی یەکەم دووردەکەوێتەوە و ئێستا لە پلەی پێنجەمدایە. یوڤێنتوس لە 29ی ئەم مانگە و لەدوای تەواوبوونی پشووی فیفا، رووبەڕووی جێنوا دەبێتەوە.
زیدان دەبێتە راهێنەر؟
رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە زۆربەی چاوەکان لەسەر رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیایە، بەڵام یوڤێنتوس بە جیدی بیر لە دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان وەکو راهێنەری یانەکە دەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە زیدان بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەڕەنسا پاڵێوراوە، چونکە دیدیێ دیشام لە دوای مۆندیالی 2026 واز لە پۆستەکەی دەهێنێت.
زیدان لەدوای جێهێشتنی ریال مەدرید لە ساڵی 2021، راهێنەرایەتی هیچ تیمێکی نەکردووە.