ئامار و داتای گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان

یاریگا –
لە گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان تەنها دوو گۆڵپارێز کلین شیتیان کرد و رێژەیەکی زۆری گۆڵ لە گێمی دووەم تۆمار کراوە.
لە کۆی شەش یاریی گەڕی 21ـی خولی نایابی کوردستان 19 گۆڵ تۆمار کرا، پێنج گۆڵ لە گێمی یەکەم و 14 گۆڵیش کە بەرزترین رێژەیە لەم وەرزە لە گێمی دووەم تۆمار کراوە، خێراترین گۆڵی ئەم گەڕەش هۆگر حوسێن یاریزانی هەولێر لە خولەکی 11 بەرامبەر شێروانە تۆماریکرد.
هەر یەک لە گۆڵپارێزان نیما عەزیز لە چوارقوڕنە و گەیلان سادق لە هەندرێن دوو گۆڵپارێزی گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان بوون کلین شیتیان لەگەڵ یانەکانیان کرد و گۆڵیان لێ تۆمار نەکرا، گەورەترین سەرکەوتنیش زاخۆ بەدەستیهێنا و 4 _ 2 لە پێشمەرگەی هەولێری بردەوە.
لە شەش یاریی گەڕی 21ـی خولی نایابی کوردستان 36 کارت دراوە، 35 کارتی زەرد و یەک کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەرزکراوەتەوە، هیچ یانەیەکیش یاریی خاوێنی وەرنەگرت و سەرجەم یانەکان کارتیان پێدراوە.